ماوەی دەسبەسەرکرانی فەرزاد سامانی و ساکار عەینی درێژ کرایەوە

13:10 - 23 رەشەمه 2720

لێپرسی دادگای ئینقلابی مەهاباد، ماوەی دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "فەرزاد سامانی" و "ساکار عەینیـ"ـی بۆ یەک مانگی دیکە درێژ کردەوە.

فارۆق سامانی، برای فەرزاد سامانی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕایگەیاندووە: "سێ مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی فەرزاد و دەسبەسەرکراوەکانی دیکە تێپەڕیوە و بەپێی یاسا، پڕۆسەی ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکانیان دەبێ لە سەرەتای دەسبەسەرکرانیان کۆتایی پێ بهاتبا.

ناوبراو وتوویەتیی: "ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ بە گوشارخستنە سەر فەرزاد و چەند کەسی دیکە لە دەسبەسەرکراوانی ئەم دواییانەدا، بە نیازی وەرگرتنی دانپێدانانێک بۆ سێناریۆیەکی ساختەدانە".

ڕۆژی شەممە ۲۰ی بەفرانبار، فەرزاد سامانی لەگەڵ سوهەیب بادرووج، لە خەوتنگەی زانکۆی خاڕەزمی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئەو خوێندکارەی قۆناغی کارناسیی باڵای کۆمەڵناسی، دوای دەسبەسەرکرانی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، "ساکار عەینی"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپا لە تاران، دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، ڕاگواستبوو.

ساکار عەینی، دەرچووی بەشی شارسازی لە زانکۆی "ورمێـ"ـیە.