مانگنامەی \"کرێکار\": لەماوەی سێ‌مانگدا ٢٨ کرێکاری کورد بوونەتە قوربانی

13:05 - 1 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: لەماوەی سێ‌مانگی پاییزدا(رەزبەر، خەزەڵوەر، سەرماوەز)‌ی ١٣٩٢ی هەتاویدا، ٢٨ کرێکار لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆی رووداوی کار و رووداوەکانی دیکە بوونەتە قوربانی و لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٢٤ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ خستنەڕووی رێژەی گیان لەدەستدان و برینداربوونی کرێکارانی کورد، راپۆرتێک لەژێر ناوی \"مانگنامەی کرێکار\"‌دا بڵاو دەکاتەوە و لەراپۆرتی ئەم جارەدا ئاماری کوژران و برینداربونوی کرێکاران لەوەرزی پاییز دەخرێتەڕوو.

لەماوەی مانگەکانی رەزبەر، خەزەڵوەر و سەرماوەزدا، ٢٤ کرێکار لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە و لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە ١٦ کرێکار لەکاتی کارکردن و بە هۆی روودای کارەوە و هەروەها ٨ کرێکاری دیکەش بە هۆی رووداوی هاتووچۆ و خنکانەوە گیانیان لەدەست داوە.

هەر لەماوەی ئەو سێ‌مانگەدا ٤ کرێکاری دیکەی کوردیش بە هۆی رووداوی کارەوە بریندار بوون.

لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێژەی مردن و بریندار بوونی کرێکاران بەو شێوەیە تۆمار کراوە:

مانگی رەزبەر: ٦ کرێکاری کورد گیانیان لەدەست داوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

مانگی خەزەڵوەر: ١١ کرێکاری کورد گیانیان لەدەست داوە و ١ کەسی دیکەش بریندار بووە.

مانگی سەرماوەز: ٧ کرێکاری کورد گیانیان لەدەست داوە و ٢ی دیکەش بریندار بوونە.

سەرجەمی ئەو ٢٨ کرێکارە قوربانییە خەڵکی شارەکانی سەردەشت، سەوڵاوا، کرماشان، بۆکان، شنۆ، سنە، ورمێ‌، جوانڕۆ، پیرانشار و نەغەدە بوون و نێوەنجی تەمەنی ئەو کرێکارانە لەنێوان٢٠هەتا ٥٥ ساڵدا بووە.

بە سیاسی کردنی مافی کرێکاران لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە

\"17512.jpg\"
بەپێی دوایین زانیارییەکان بەشێکی بەرچاو لەخەڵکی کوردستانی ئێران لەرێگای کرێکارییەوە بژیوی ژیانی رۆژانەیان دابین دەکەن و بەوتەی چالاکانی کرێکاری هیچ جۆرە یاسا و رێسایەک کە مافەکانی کرێکاران لەکوردستان و شوێنەکانی دیکەی ئێران دەستەبەر بکات بوونی نیە و بە هەموو شێوەیەک هەم حکوومەت و هەم خاوەنکاران، کرێکاران دەچەوسێنرێنەوە.

بەبڕوای چالاکانی مافی مرۆڤ و کرێکاریی، \"یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پێشێڵکردنی مافی کرێکاران بە سیاسی کردنی دۆخ و مافی ئەو چینە لەکۆمەڵگەدایە کە لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی پەیڕەو دەکرێت.

ئەو چالاکانە باس لەوەش دەکەن، دۆخی کرێکارانی کورد لە ئێران رۆژ لەگەڵ رۆژ دژوارتر دەبێت و رۆژانە شایەتی بیستنی مەرگی کرێکارانین کە دەبنە قوربانیی دەستی نەبوونی ئیمەنیی کار و نەبوونی کەلوپەلی ستاندار بۆ کار کردن.

بەشێک لەکرێکارانیش لەو بڕوایەدان کە مافەکانیان لایەنی سیاسیی بەخۆیەوە بینیوە و هەر ئەو بە سیاسی کردنی دۆخی کرێکاران وای کردووە یاسایەکی گشتگیر بۆ پشتیوانی لەمافی ئەو کرێکارە قوربانیانە بوونی نەبێت.