مانگنامەی \"کرێکار\" بۆ رووماڵی رووداوە کرێکارییەکان لەکوردستانی ئێران( خاکەلێوەی ٩٣)

15:33 - 1 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لەمانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٣‌ی هەتاوییدا، ٤ کرێکاری ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆی روودای کارەوە بوونەتە قوربانی و هەروەها لەو ماوەیەشدا ژمارەیەک کرێکاری کوردیش لەلایەن خاوەن کارەکانیانەوە لەسەر کار دەرکراون.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ خستنە رووی رێژەی گیان لەدەست دان و بریندار بوونی کرێکارانی کورد لەکاتی کارکردن و رووداوەکانی دیکە، مانگانە راپۆرتی رێژەی قوربانیانی رووداوی کار لەژێر ناوی \"مانگنامەی کرێکار\"‌دا بڵاو دەکاتەوە و دەپڕژێتە سەر چۆنیەتیی قوربانی بوون ئەو چینە لە کۆمەڵگەی کوردەواری.

لەماوەی مانگی خاکەلێوەدا، ٤ کرێکاری کورد بە هۆی رووداوی کارەوە بوونەتە قوربانی و لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە، یەکێک لەو کرێکارانە لەدەرەوەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران واتە لەهەرێمی کوردستان گیانی لەدەست داوە.

گیان لەدەست دان بە هۆی رووداوی کارەوە

\"19463.jpg\"
موسلەم ساعیدی خەڵکی شاری سنە، مەیسەم حەمید زادە، خەڵکی سەڵماس و داریووش مستەفازادە خەڵکی ورمێ‌شوناسی ئەو کرێکارانەن کە لەماوەی مانگی خاکەلێوەدا بە هۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە.

ئەو سێ‌کرێکارە کوردە بە هۆی بەربوونەوە لەبەرزایی، کەوتنە بەر ئامێری کرێکاریی و بەرق گرتوویی‌یەوە کۆتایی بەژیانیان هاتووە.

هەر لەو پێوەندییەدا کرێکارێکی دیکەی کورد بەناوی نووری حوسێنی خەڵکی شاری بانە لەکاتی کارکردن و بە هۆی بەرق گرتووییەوە بە توندی بریندار بووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ساڵی ٩٢‌دا، ٧٦ کرێکاری کورد لەناوچە جیاجیاکانی کوردستان گیانیان لەدەست داوە و ١٨کرێکاری دیکەش بریندار بوونە.

لەکۆی گشتیی ئەو ٧٦ حاڵەتە، ٥٣ کرێکار لەکاتی کارکردن‌دا و بە هۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە و زۆربەی حاڵەتەکانیش بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی و کەوتنە خوارەوە بووە.

٢٣ حاڵەت مەرگی کرێکاران لەساڵی رابردووی هەتاوی‌دا بە هۆی رووداوەکانی هاتووچۆ، خنکان لە ئاو، خۆکوژی و جەڵتەوە بووە.

دەرکردنی کرێکاران سەرەڕای باری خراپی ژیانی و گوزەرانیان

\"19461.jpg\"
لەماوەی مانگی خاکەلێوەدا و لەدەسپێکی ساڵی تازەدا ژمارەیەک کرێکاری بێ‌دەرەتان لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە لەسەر کار دەرکراون.

هەر لەو ماوەیەدا ٨ کرێکاری شیرکەتی \" ئەشکان سازی غەرب\" لەسنە لەکار بێکار کراون.

لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵێک کرێکاری کوردی کانگای زێڕی \"زەڕە شوان\"‌ی تیکاب لەسەر کار دەکراون و بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار سەرجەم کرێکارانی دەرکراوی شیرکەتی \"ئەشکان\" و زەڕەشوان بە هۆی ناڕەزایەتیی دەربڕینیان بە مووچە و هەقدەستی خۆیان بووە و خوازیاری ئەوە بوون کە لەساڵی ٩٣دا پێداچوونەوە بە مووچەی مانگانەیاندا بکرێ‌.

مووچە و هەقدەستی کرێکاران لەساڵی ٩٣‌دا

\"19464.jpg\"
سەندیکای خاوەنکاران، سەندیکای کرێکاریی و ژووری بازرگانی ئەو سێ‌ناوەند و رێکخراوەیەن کە مووچە و هەقدەستی مانگانەی کرێکار لەئێران دیاری دەکەن و بەر لە راگەیاندنی هەقدەستی ئەمساڵی (٩٣)‌ی کرێکاران دەوڵەت زیادکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی راگەیاند کە ئەوەیش خۆی لە ١٨%‌‌‌دا بینێیەوە.

بەو پێیە هەقدەستی کرێکارانیش دیاریکرا و بۆ ساڵی ١٣٩٣، هەشتا و حەوت هەزارتمەن پارەی زیادکراو بۆ هەر کرێکارێک لەبەر چاو گیرا کە بەشێوەیەکی گشتیی نرخی کاری هەر کرێکارێک لەساڵ تازەدا دەکاتە شەشسەد و هەشت هەزار تمەن.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە سەندووقی نێودەوڵەتی دراو لە راپۆرتێکدا رایگەیاندبوو، هێڵی هەژاری لەئێران لەو پەڕی خۆیدایە و بەپێی ئەو هەڵاوسانەی کە لەئێران هەیە هەرکەسێک کە داهاتی مانگانەی کەمتر لە ٩٠٠ هەزار تمەن بێت، دەچێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

دیاری کردنی ئەو نرخی هەقدەستە نوێ‌یە لەکاتێکدایە کە کۆمیتەی هەقدەستی شۆرای ئیسلامی کرێکارانی شاری تاران ماوەیەک پێش ئێستا رایگەیاندبوو، \"تێچووی مانگانەی بنەماڵەیەکی ٤ کەسی یەک میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن\".