مانگنامەی \"كرێكار\" بۆ رووماڵی رووداوە كرێكارییەكان لەكوردستانی ئێران (خەرمانانی٩٣)

12:49 - 1 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: لەمانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٣‌ی هەتاوییدا، ١٠ كرێكاری خەڵكی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران بە هۆی روودای كار و هاتوچۆوە بوونەتە قوربانی و لەنێو قوربانییەكانیشدا دوو منداڵی كار وەبەر چاو دەكەوێ.

ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بۆ خستنە رووی ئاماری گیان لەدەستدان و بریندار بوونی كرێكارانی كورد لەكاتی كاركردن و رووداوەكانی دیكەدا، مانگانە راپۆرتی قوربانییانی رووداوی كار لەژێر ناوی \"مانگنامەی كرێكار\"‌دا بڵاو دەكاتەوە و دەپڕژێتە سەر چۆنیەتیی قوربانی بوونی ئەو چینە لە كۆمەڵگەی كوردەواری.

گیان لەدەست دانی كرێكاران لەكاتی كار كردندا

\"22240.jpg\"
لەماوەی مانگی خەرماناندا شەش كرێكاری كورد لەكاتی كار كردن و بەهۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست داوە كە یەك كەسیان (منداڵێكی كار) بووە و كۆتایی بەژیانی هاتووە.

لە كۆی گشتیی ئەو رێژەیە سێ‌كرێكار بە هۆی كەوتنە خوار لەبەرزایی و سێ‌كەسی دیكەش بە هۆی رووداوەكانی تەقینەوە، بەرق گرتوویی و رووخانی دیوار گیانیان لەدەست داوە.

سێ‌كەس لە كرێكارە گیان لەدەست داوەكان خەڵكی مەهاباد و ٢ كەسیش خەڵكی سنە و كەسێكی دیكەش خەڵكی ئیلامە.

لەوڵاتی ئێران گیان لەدەست دانی كرێكاران لەكاتی كار و بەهۆی بەربوونەوە لەبەرزایی زۆرترێن حاڵەتەكانی گیان لەدەست دانی بە خۆیەوە تەرخان كردووە و چالاكانی كرێكاری لەو باوەڕەدان نەبوونی ئیمەنیی كار و گوێ‌نەدانی خاوەنكارەكان، ئەو رووداوانە دەخوڵقێنێ.‌

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەمانگی گەلاوێژی ئەمساڵیشدا ٦ كرێكاری كورد بە هۆی رووداوی كارە كۆتایی بە ژیانیان هاتبوو.

هەر لەو پێوەندییەدا و لەمانگی خەرماناندا ٢ كرێكاری دیكەی كورد(ژن و پیاوێک) بە هۆی رووداوی هاتوچۆ و لەكاتی گەڕانەوەیان لە \" سێو چنین\" گیانیان لەدەست داوە.

لەئێران رۆژانە بەشێوەی نێوەنجی پێنج كرێكار بە هۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست دەدەن و لەماوەی هەر دوو حەفتەدا كرێكارێكی كانگەكان لەئێران تووشی رووداوی كار دەبێ‌.
\"22244.jpg\"

برینداربوونی كرێكاران

\"22248.jpg\"
لەماوەی مانگی خەرماناندا دوو كرێكاری كورد بەهۆی بەربوونەوە لەبەرزایی بریندار بوون و یەكێک لەو كرێكارانە منداڵی كار بووە.

بێبەری لەمافی كرێكاری خۆی زیاتر لەنێو گرووپە خەسارهەڵگرەكانی وەكوو ژنان و منداڵاندا دەرخستووە، بەچەشنێک كە خاوەنكارەكان زیاتر رووی دەركردنەكانیان لەوانە.

لەم ساڵانەی دوایدا رێژەی كرێكارانی تەمەن ژیر ١٥ ساڵ (منداڵانی كار) لەئێران چوونە سەرەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

ناوەندی توێژینەوەی هەلی كار لە مەجلیس، لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردبوویەوە، لەسەدا ٩٠ی ئەو منداڵانەی كە لەخوێندن بەجێ‌ماون، منداڵانی كارن. ئەمە لەحاڵێكدایە كە بەپێی مادەی ٧٩‌ی یاسای كاری حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، کار کردن بە كەسانی ژێر ١٥ ساڵ بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

هەر لەماوەی چەند ساڵی رابردووشدا كەرتە پیشەیی و كارگەكانی ئێران و كوردستان بە هۆی قەیرانی داراییەوە تووشی تێكشكانی ئابووری بوون و بەرەوڕووی داخران بوونەتەوە و ئەو داخرانەش بێكاری كرێكارانی لێكەوتۆتەوە.

هەر لەماوەی مانگی خەرماندا نزیک بە ٣٠٠ كرێكاری كورد لەسەر كارەكانیان دەركراون.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا، ٢١٠ كرێكاری پڕۆژەی بەنداوی داریان لەپاوە، ٣٥ كرێكاری كوردی بەنداوی \"هیروێ‌\" لە نەوسوود، ٥٠ كرێكاری پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی ئوستانی كوردستان لەسنە لەلایەن خاوەنكارەكانیانەوە لەسەر كار دەركراون.