مانگرتنی محەممەد ئەمین ئاگووشی پێی نایە پێنجەمین رۆژەوە

15:41 - 8 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: زیندانییەكی سیاسیی دوورخراوە بۆ زاهیدان لە ئەنجامی فشاری بەرپرسانی زیندانەوە مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە ئاگووشی مانی لە خواردن گرتووە و لە حاڵی حازردا لە ژووی تاكەكەسیی قەرەنتینەی زیندانی ناوەندی زاهیداندا راگیراوە.

ئەو مامۆستا خانەنشین كراوە ناڕەزایەتی بە فشارەكانی بەرپرسانی زیندان دەربڕیوە و خوازیاری پێڕاگەیشتنی پزیشكی بە دۆخی جەستەیی خۆی بووە.

بەپێی هەواڵی چالاكانی مافی مرۆڤ و دێمۆكراسی لەئێران، \"مەئموورانی ئەمنیەتی ئیتلاعات رێگری لە دەرمانكردنی ناوبراو دەگرن و لە نەخۆشیەكەی وەكوو كارتی فشاری كەڵك وەردەگرن\".

\"23904.jpg\"
محەممەد ئەمین ئاگووشی خوازیاری چارەسەركردنی لە دەرەوەی زیندان، كەڵك وەرگرتن لە مافی مەرەخسی و كۆتایی هێنان بە فشارەكان بووە
محەممەد ئەمین ئاگووشی تەمەنی ٥٤ ساڵە و بە دەست نەخۆشی گورچیلەوە دەناڵێنێ‌و هەتا ئێستا چەندین جار مانی گرتووە و جارێكیش لێوەكانی خۆی هەڵدوریبوو.

ئەو زیندانییە سیاسیە خوازیاری چارەسەركردنی لە دەرەوەی زیندان، كەڵك وەرگرتن لە مافی مەرەخسی و كۆتایی هێنان بە فشارەكان بووە.

ئاگووشی خێزاندار و ٥ منداڵی هەیە و رێكەوتی ١ی خاكەلێوەی ١٣٨٦ لە لایەن مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاواوە لە پیرانشار بە تۆمەتی سیخوری بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەسەر و ماوەی ٨ مانگ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بووە.

دادگای سەرەتایی ئەو هاووڵاتییە كوردەی بە ئێعدام مەحكووم كردبوو و دوای ئێعتراز دەربڕین ئەو حوكمە لە ئێعدامەوە كرا بە ١٠ ساڵ زیندان و دوور خستنەوە بۆ زیندانی زاهیدان.