مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی ئەهواز گەیشتە پێنجەمین رۆژ

15:14 - 4 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: بارودۆخی خراپی نێو زیندانی کاروون لە ئەهواز، مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی ئەو زیندانەی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزەوە ٥٩ زیندانیی سیاسیی بەندی ٨ی زیندانی کاروون بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی هەنووکەیی نێو ئەو زیندانە، مانیان لە خواردن گرتووە.

زیندانیانی مانگرتوو خوازیاری باشتربوونی دۆخی نێو زیندان و پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی تەندروستی و جەستەیی زیندانیانی ساسیی نەخۆشی ئەو زیندانە بوون.

ماڵپەڕی \"نفس در قفس\" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ئەهوازەوە بڵاوی کردۆتەوە: زیندانیان مانگرتوو خوازیاری هەڵسووکەوتی شیاوی بەرپرسان و فەرمانبەرانی نێو زیندان لەگەڵ زیندانیانی سیاسی، دابین کردنی ئیمکاناتی پەیوەندی گرتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان وەک ملاقات و پەیوەندیی تەلەفۆنی بوون.

رەخساندنی ئیمکانی خوێندن و خوێندنەوە لە نیو زینداندا، بەشێکی دیکە لە خواستی ئەو زیندانیانەیە.

جابیر سەحراوی و کازم خۆشنمەک بەهۆی ئەشکنجەوە تووشی نەخۆشیی \"ئیم. ئێس\" و ئارترۆز بوونە.

یەکێک لە زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو بەناوی عەلی ساعیدی بە تۆمەتی \"شەڕ لەگەڵ خودا\" حوکمی لەسێدارەدانی بۆ براوەتەوە.

مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ئەهواز هاوکاتە لەگەڵ مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ، کە پاش ٣٤ رۆژ مانگرتن و بەڵێنیی جێبەجێ کرانی داواکانیان لەلایەن بەرپرسانەوە، کۆتاییان بەو مانگرتنە هێنا.

زیندانیانی سیاسیی زیندانی کاروونی ئەهواز، لە ماوەی حەفتەیەکدا سێ جار و هەر جارەی بۆ ماوەی ٣ خولەک ئیزنی تەلەفۆن کردنیان بۆ بنەماڵەکانیان هەیە و لە هەر حەفتەیەکیشدا تەنیا یەک جار بە شێوی \"غەیری حوزووری\" ئیزنی ملاقاتیان لەگەڵ کەسوکاریان هەیە.

زیندانی کاروون، کە ٤٥٠٠ زیندانیی تێدا راگیراوە، بە یەکێک لە ناستانداردترین زیندانەکانی وڵاتی ئێران دادەندرێت، کە سەرەتایی‌ترین ئیمکاناتی دەرمانیی تێدا نییە.