مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینی کرێکارانی شارەداریی بیجاڕ بەهۆی دواکەوتنی پارەی سێ مانگەیان

12:38 - 10 پووشپەڕ 2721

زیاتر لە ٥٠ کرێکاری شارەداریی شاری بیجاڕ، سەر بە پارێزگای سنە، لانیکەم ماوەی سێ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و هەروەها نزیکەی ١٠ مانگیشە بەرپرسانی ئەو شارەدارییە حەقدەستی ئیزافەکاریی ئەو کرێکارانەیان نەداوە.

ئەو کرێکارانە لە بەشەکانی خزمەتگوزاریی ئەو شارەدارییەوە خەریکی کارن و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ دواکەوتن و پشتگوێخستنی داواکارییەکەیان، دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و زەبڵ و پاشماوەکانی ئەو شارەیان کۆ نەکردووەتەوە.

ئەو کرێکارانە ڕۆژی شەممە ٥ی پووشپەڕ مانیان گرتووە و هەروەها هەمان ڕۆژ بە کۆبوونەوە لەبەردەم بینای ئەو شارەدارییەوە، ناڕەزایەتییان دەبڕیبوو.

هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیلنا" لە زاری ئەو کرێکارە مانگرتووانە بڵاوی کردووەتەوە کە، بەرپرسانی شارەداری کە ئیمکانات و مەزایای باشتریان هەیە، گوێ لە داواکارییەکانی ئەو کرێکارانە کە ماوەی سێ مانگە پارەیان وەنەگرتووە و سفرەی خوانەکانیان خاڵییە، ناگرن.