مامۆستایەكی كورد بە چوار مانگ زیندان حوكم درا

13:48 - 12 رەشەمه 2714
ئاژانسی كوردپا: مامۆستایەكەی قوتابخانە سەرەتاییەكانی ناوچەی چۆمی مەجید خان لەلایەن دادگەی شاری میاندواوەوە بە كێشانی چوار مانگ و یەك رۆژ زیندانیی تەعزیری حوكم دراوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، (حەبیب ئاغا زەمان) كە ماوەی ٨ ساڵە لە قوتابخانەی ناوچەی چۆمی مەجید خان و هەروەها ئاوایی \" سەوڵی تەپە\"‌ی سەر بە شاری میاندواو سەرقاڵی وانە وتنەوە بە قوتابییە سەرەتاییەكان بووە لە لایەن ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئوستای ئازەربایجانی رۆژئاواوە وانە وتنەوەی لێ‌قەدەغە كراوە.

هەواڵنێری كوردپا باسی لەوەش كرد، حەبیب ئاغا زەمان ماوەی دوو حەفتە لەمەوبەر بانگهێشتی ئیدارەی پەروەردەی شاری میاندواو كرابوو، کە پێی وترابوو لە سەر بڕیاری پەروەدەی ئوستانەوە نابێ‌چیدیكە وانە بڵێتەوە.

ئەو مامۆستا كوردە سەردانی پەروەردەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاواشی كردبوو، بەڵام هیچ وڵامێكی ئەرێنیی لەمەڕ گەڕانەوە بۆسەر کارەکەی، وەرنەگرتبوو.

هەواڵنێری ئاژانس كوردپا ئاشكراشی كرد، حەبیب ئاغازەمان چەند رۆژ لەمەوبەر بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری میاندواو كراوە و رۆژی دووشەممە رێكەوتی ١١ی رەشەمەش لەلایەن دادگەی ئەو شارەوە بە چوار مانگ زیندانی حوكم دراوە.

دەوترێت كە ئەو مامۆستا كوردە بە تاوانی رێز گرتن لە بۆنە نەتەوایەتییەكان و ئامادەبوونی لەو رۆژانەدا بە جلی كوردییەوە خرابوویە ژێر فشار و چەندین جاریش لە وانەكانیدا جێژنی نەورۆزی بە گرینگ بۆ نەتەوەی كورد وەسف كردووە و تەنانەت بە قوتابیانیشی وتووە پێویستە بە شێوەیەکی شكۆدار یادی جێژنی نەورۆز بكرێتەوە.