مامۆستایەکێ زانستگەی ئازادی بۆکان دەرکرا

15:05 - 22 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: سەرۆکایەتی زانستگەی ئازادی بۆکان بە زۆرەملێ، حوکمی وەلانانی مامۆستای سەرپەرەشتیاری چالاکییەکی خوێندکاریی دەرکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆتایی حەوتووی ڕابردوو بەڕێوەبردنی وۆرکشاپی تەڕڕاحیی هاوکاری – هەرەوەزی، لەلایەن هێمن قارەمانی لە زانستگەی ئازادی ئیسلامیی یەکەی بۆکان، دەرکرانی ئەو مامۆستا لاوەی بەدواوە بوو.

ئەو مامۆستایەی زانستگەی ئازادی بۆکان، لەلایەن دوکتور \"زیایی\"، بەرپرسی زانستگە، بە \"پێکهێنانی کۆبوونەوەی سیاسی\" تۆمەتبار کرا و پاشان لەسەر کارەکەی وەلانرا.

\"\"
هێمن قارەمانی
دەوترێت، \"فێڵە تایبەتییەکانی حەراسەت\" بووەتە هۆی گرژیی نێوان ئەو مامۆستا دیزاینێرە و \"کردەی زۆرەملێ\"ـی سەرۆکایەتی زانستگە.

لەدوای ئەو کارە، هێمن قارەمانی بە بڵاوکردنەوەی یادداشتێک وەڵامی تۆمەتەکانی داوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە؛ ئامانجم تەنیا پەروەردەی جیلێکی بەئاگا و بەئەخلاق بووە و هەیە و بەداخم کە جێگە و پێگەی مامۆستا و هونەرمەند لە کۆمەڵگای ئێمەدا دابەزیوە و ڕێزی هونەر لە ئاستێکی زۆر خوارەوەدایە.

ئەو هەروەها لەو نووسینەیدا وەبیری هێناوەتەوە کە؛ هێشتا چەند ڕۆژ لە وتەکانی ١٦ی سەرماوەزی حەسەن ڕۆحانی تێپەڕ نەبووە کە زانستگای بە فەزای کراوە، چالاک و ڕەخنەگر ناساند.

هێمن قارەمانی، کارناسی باڵای تەلارسازییە کە لە ساڵی ١٣٧٠وە چالاکییە هونەرییەکانی دەست پێکردووە و پێشینەی بەشداری لە یەکەمین پێشانگای وێنەکێشانی خوێندکارانی موسوڵمان و پێشانگای بیرەوەری هەڵەبجەی هەیە.