مامۆستایەکی ئایینی کورد پاش تێپەڕاندنی ماوەی مەرەخەسیەکەی گەڕێندرایەوە بۆ زیندان

16:39 - 21 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: \"ڕەزا عەبدی\" مامۆستای سوننە مەزهەبی خەڵکی شاری ورمێ کە بە دانی بارمتە مەرەخەسیی پێدرابوو، دووبارە گەڕێندرایەوە بۆ زیندانی تەورێز.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ٢٠ی بانەمەڕ، مامۆستا \"ڕەزا عەبدی\"، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئایینیی \"سەلاحەدینی ئەیووبی\" و یەکێک لە پێشنوێژە سوننەکانی خەڵکی شاری ورمێ، کە بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و ٢ ساڵ دوورخرانەوە لە شاری ورمێ مەحكووم كرابوو، پاش تەواو بوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕێندرایەوە بۆ زیندان.

دەزگای قەزایی بە بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تەمەنی بۆ ئازادی کردنی مەرخەسی دەرمانیی ئەو مامۆستا کوردە ڕەزامەندیی خۆی دەربڕیبوو.

ئەو مامۆستا ئاینییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، پاش بانگهێست کردنی بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانیەتی شاری تەورێز، دەستبەسەر كرا و بۆ زیندانی ناوەندی گوازرایەوە.

دادگای تایبەت بە ڕۆحانییەت لەژێر چاوەدێڕیی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی ڕێبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێراندایە و بەرپرسی سزادانی قەزایی ئەو مامۆستایانەیە كە ڕەخنەگر یان دژبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانن.

بەپێی هەواڵی سەرچاوەیەكی ئاگادار، نوێنەری وەلی فەقیهـ لە پارێزگای ورمێ و هەروەها ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ لەو مامۆستا ئایینییە ناڕازین.

پێشتر ئاژانسی كوردپا ناوی لانیكەم ٩ زانای ئایینیی كوردی بڵاو كردبووەوە كە لە سەر بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای ورمێ لە سەر كارەكەی خۆیان وەكوو مامۆستای ئایینی وەدەرنرابوون.