مامۆستایەکی ئایینی لە پیرانشار دەستبەسەر کرا

15:16 - 14 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، مامۆستایەکی ئایینیی خەڵکی ناوچەی \"پیرانشار\"یان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٢ی رەشەممە مامۆستایەکی ئایینی بەناوی \"عوسمان ئاژ\" پێش‌نوێژی گوندی \"گردەبن\"ی سەربە شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

کەسانی ئاگادار رایانگەیاندووە کە ئەو مامۆستایە لە نوێژی هەینیدا باسی نەتەوەیی کردووە و بەوهۆیەوە لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکان دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری \"ورمێ\" راگوێزراوە.

مامۆستا عوسمان ئاژ تەمەنی ٣٨ ساڵ، خاوەن ژن و ٢ منداڵ و دانیشتووی گوندی \"گردەبن\"ی ناوچەی \"لاجان\"ی سەربە شاری پیرانشارە.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا مامۆستا سەلام گوڵنەواز پێش‌نوێژی مزگەوتی گەڕەکی \"شێوە برایم\"ی شاری سەردەشت بەهۆی ئەندامەتی لە \"مەکتەبی قورئان و پەیڕەوی لە ئەحمەدی موفتی‌زادە\" بانگهێشتی دادگای رۆحانیەتی شاری تەورێز کرابوو.