مامۆستایەکی ئایینی لە پیرانشار دەسبەسەر کرا

10:12 - 14 رەزبەر 2720

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەر، مامۆستایەکی ئایینیی کورد بە ناوی "مامۆستا ڕەسوڵ حەمزەپوور" خەڵکی گوندی "خراپە"ی شاری پیرانشار و پێشنوێژی هەینیی گوندی "ئەندێزێـ"ـی بەخشی لاجانی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو مامۆستا کوردیان بەبێ بەڵگەی یاسایی لە سێڕێیانی پەسوێی پیرانشار دەسبەسەر کردووە و دواتر هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی.

ئەو سەرچاوە ئاگادار هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەو مامۆستا کوردە ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: "ئەو مامۆستا ئایینییە یەکێک لە مامۆستایانی ناسراوی پیرانشارە و چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کراوە".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە چارەنووس و هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو مامۆستایە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.