مامۆستایەکی ئایینی لە سیستان و بەلووچستان تێرۆر کرا

13:39 - 29 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی ئایینیی سونی مەزهەب و پێشنوێژی یەکێک لە گوندەکانی بەخشی زەرئاوای شاری کەنارەکی سیستان و بەلووچستان تێرۆر کرا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕێبەندان، یەکێک لە مامۆستا ئایینییەکانی گوندی \"کلیر\"ی شاری زەرئاوای پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لە لایەن کەسێکی ئیتلاعاتییەوە تێرۆر کرا.

شوناسی ئەو مامۆستا ئایینییە بە ناوی\" مەولانا عەبدولوهاب میران زەهی\" و شوناسی کەسە بکوژەکەش بە ناوی \"یەحیا کاروانی\" ڕاگەیەندراوە.

دەوترێ، یەحیا کاروانی یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی ئیتلاعات بووە، شایانی باسە یەکێک لە پارێزەرەکانی مامۆستاش دوو گوللەی بەرکەوتووە.

تێرۆری هاووڵاتییانی بەلووچ و پەیڕەوانی سونی مەزهەبی پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لە لایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەردەوامە و هەتا ئێستە چەندین مامۆستا و هاووڵاتیی بەلووچی تێرۆر کراون.