مامۆستایانی گەورە ساڵانی نێهزەتی ئێواران لە شاری بۆکان ماوەی یەکساڵە پارەیان وەرنەگرتووە

11:29 - 6 خەزەڵوەر 2720

مامۆستایانی گەورە ساڵانی نێهزەت لە شاری بۆکان و گوندەکانی، کە خەریکی وانەوتنەوە بە گەورەساڵانن، ماوەی ساڵێکە لەلایەن ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانەوە، پارەیان پێنەدراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا رایگەیاند: "مامۆستایانی شاری بۆکان و گوندەکانی پاشبڵاغ، تەرەغە و باغچە و چەند گوندیکی ئەو شارە، ماوەی ساڵێکە هیچ پارەیەکیان وەرنەگرتووە".

یەکێک لەو مامۆستایانە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "بۆ هەر کەسێک کە قەبووڵ دەبێت لە خوێندن ٥٠٠ هەزار هەتا ٦٠٠ هەزار پارە دەدەن، لە ئەگەری قەبووڵ نەبوونی قوتابیانی گەورەساڵان، هیچ بڕە پارەیەک بە مامۆستایان نادەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو من و زۆربەی مامۆستایان بە فەرمی دانەمەزراوین و بە شێوەی گریبەست کار دەکەین، زۆرجار خۆمان خانوومان بە کرێ گرتووە بۆ قوتابییانی گەورەساڵان و پارەی کرێ خانووەکەشیان پێنەداومەتەوە.

ئەو مامۆستایە لە درێژەدا، بە ئاژانسی کوردپا رایگەیاند: من و مامۆستایانی دیکە بۆ ئەوەی بە فەرمی دابمەزرێن، ناچارین درێژە بەو شێوە کارکردنە بدەین، هەتا بە فەرمی دادەمەزرێن و لە گرێبەستی ڕزگارمان دەبێت.