مامۆستا حەسەن ئەمینی لە بەیاننامەیەکدا، بڕیاری بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی سەرکۆماری دا
مامۆستا "حەسەن ئەمینی"، کەسایەتیی ئایینیی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا، لە وڵامی هێندێک پرسیاردا لەهەمبەر بەشداریکردنی لە هەڵبژادنی سەرکۆماریدا، ڕایگەیاند: "من لە هەڵبژاردنی سەرکۆماری بەشداری ناکەم و هۆکارەکەشی ڕوون و ئاشکرایە و ئەوەش ئەوەیە کە سەرەڕای بەربەستەکان لە یاسای بنەڕەتیی هەنووکەیی ئێران، دەسەڵاتی بانیاسایی لەسەر یاسا و چارنووسی خەڵک، سەرکۆمار ناتوانێ داواکارییەکانی منی کورد و کەمە نەتەوە و ئاینییەکان جێبەجێ بکات، چوونکوو لە بازنەی دەسەڵاتی سەرکۆماریدا نییە".
حاکم شەرعی کوردستان لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیدا وتوویەتی: "داواکاریی منی کورد دەبێت لایەنی یاسایی هەبێت کە ئەوەش لەژێر دەسەڵاتی هێزی دادوەری و بەرێوەبەریدایە، نەک سەرکۆمار".
مامۆستا حەسەن ئەمینی، سەرەکییترین گرفتی کەم نەتەوەکان و ئاینییەکانی بۆ پێنەدانی ئازادیی بە تاک و کۆ، دەسبەسەری و زیندانیکردن، ممنوعالخروجی، داخستنی مزگەوت و قوتابخانەکانی ئولی سوننی، دیاریکردنی پێشنوێژ بۆ ئەو مزگەوتانە، بەربەرست دروستکردن لە بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمە ئاینییەکانی سوننی مەزهەبەکان و ... گەڕاندووەتەوە کە لەژێر دەسەڵاتی سەرۆکۆماریدا نییە.
حاکم شەرعی کوردستان لە کۆتایی بەیاننامەکەدا وتوویەتی: "هەموو ئەوانە لەژێر دەسەڵاتی ناوەندە ئەمنییەتیی و ئیتلاعاتییەکاندایە و بە باوەڕی من دەبێت خەڵک خۆیان بڕیار بدەن و خۆیان لە بەندی ویلایەت و بڕیاردان و هێڵپێدانی من و خەڵکی دیکە، دەرباز بکەن".