لەناوچەی سەقز کۆڵبەرێکی دیکەی کورد کوژرا

16:27 - 19 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز لەناوچە سنوورییەکانی شلێر لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژ و پاش دوو رۆژ مانەوەی بە برینداریی، گیانی لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر کەماڵ عەبدولی کە لەسەر سنوورەکانی کوردستان کاری کۆڵبەری کردووە، بێ ئەوەی هیچ کەلوپەلێکی پێ بێت لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە کوژراوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لە ناوچەی شلێر و سەرشیوی سەقز کەوتووەتە بۆسەی هێزە حکوومەتییەکان و بە بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک دراوەتە بەر دەستڕێژ.

سەرچاوەیەک بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش ئەوەی تەقەی لێکراوە ماوەی دوو روژ بە برینداری لە نەخۆشخانە ماوەتەوە و دواتر بە هۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەست داوە.

رێکەوتی ١٥ی پووشپەڕیش کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بەناوی \" نەوید\" خەڵکی شاری سەردەشت لەدەورووبەری ئاوایی شەڵماشی ئەو شارە درابوویە بەردەستڕێژی گوللەی هێزە ئینتزامییەکان و بە توندی بریندار کرابوو.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە سەرەتای ساڵەوە هەتا ئێستا ٢٢ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بوونەتە قوربانی.

لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە ١١ کۆڵبەر کوژراون و ١١ی دیکەش بریندار کراون.

هەواڵی پێوەندیدار:
بەردەوامی تەقە و دەستڕێژی کردن لەکۆڵبەرانی کورد