لەماوەی دەسەڵاتداریەتی حەسەن رۆحانیدا، هەزار و ١٩٣ كەس لەسێدارە دراون

15:13 - 23 رەشەمه 2714
ئاژانسی كوردپا: ئامارەكان باس لەوە دەكەن كە ژمارەی لەسێدارەدانەكان لە دەورانی حەسەن رۆحانی سەركۆماری ئێران، زۆر زیاترە بەر لەوەی كە دەوڵەتی تەدبیر و ئومید دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ‌.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەماوەی ١٨ مانگی رابردووەوە هەتا ئێستا كە حەسەن رۆحانی کە بەرپرسایەتیی دەزگای بەڕێوەبەریی دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە، لانیكەم هەزار و ١٩٣ زیندانی لەئێران لەسێدارە دراون.

ئەو رێژەیە لەسێدارەدانە لەحاڵێكدایە كە لەماوەی ١٨ مانگ بەر لە هەڵبژاردنەكانی جۆزەردانی ١٣٩٢ و بەخشینی پۆستی سەركۆماری بە رۆحانی، ٨٢٧ كەس لەسێدارە دراون.

رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لەروتی ئێستای ئێعدامەكان، سەبارەت بە لەسێدارەدانی مێرمنداڵاتیش لە ئێران هوشداری داوە و رایگەیاندووە، ئاماری سێدارەی مێرمنداڵان ( ژێر ١٨ ساڵ) زۆر زیاتر لە دیەكانی ٥٠ و ٦٠ی هەتاوییە.

لەو راپۆرتەدا هاتووە، سەرەڕای خۆشبینییەكانی بە هاتنە سەركاری دەوڵەتی تەدبیر و ئومید بەڵام دەركەوت دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران باشتربوونی بە خۆیەوە نەبینیوە.

چوونە سەری رێژەی سێدارەدانەكان لە دەوڵەتی تەدبیر و ئومیدا لەحاڵێكدایە كە حەسەن رۆحانی و هیچ كام لە ئەندامانی كابینەی دەوڵەتی یازدەیەم سەبارەت بەو ئێعدامانە ناڕەزایەتیان دەرنەبڕیوە.

پێشتریش رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران و رێكخراوی پێكەوە بەدژی سێدارە لەراپۆتێكدا بڵاویان كردبوویەوە لە ساڵی ٢٠١٤دا ٧٥٣ كەس لەسێدارە دراون و بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٣، لەسەدا ١٠ چوونە سەری بەخۆیەوە بینیوە.