لەم حەوتوویەدا، سێ کرێکاری کورد لەکاتی کارکردندا بوونە قوربانی

15:06 - 11 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: سێ کرێکاری کورد لە کاتی کار کردندا بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی و بەرکەوتنی تەزووی کارەبا، تووشی ڕووداوی کار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەینی ڕابردوو، ٦ی ڕەشەمە، کرێکاریكی کورد لە شاری گیلانغەرب سەر بە پارێزگای کرماشان بە هۆی تەزووی کارەبا تووشی ڕووداوی کار بوو.

ماڵپەڕی \"ئیمەنی \"بڵاوی کردەوە ئەو ڕووداوە لە گەڕەکی ئازادگانی شاری گیلانغەرب ڕوویداوە و ئەو کرێکارە هێشتاش لە کۆمادایە.

هەرچەندە ئەو ماڵپەڕە شوناسی ئەو کرێکارەی بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام ڕوونی کردۆتەوە کە ئەو هاووڵاتییە تەزووی کارەبا گرتوویەتی و لە سەر دارتێلەکە بەربووەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ٧ی ڕەشەمە، کرێکارێکی دیکەی کورد لە شاری ئەهواز بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە \"عەلی ڕەحمانزادە\" خەڵکی شاری تێکاب ڕاگەیەنراوە.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی کورد، خەڵکی شاری دێهلوڕان تووشی تەزووی کارەبا بووە.

هەواڵدەریی مێهر بڵاوی کردەوە، ئەو ڕووداوە ڕۆژی ٧ی ڕەشەمە ڕوویداوە و ئەو لاوە لە کاتی بێتون ڕێژیی و بەرکەوتنی جەرسەقیل لە وایەری کارەبا تووشی ئەو ڕووداوە دەبێت.

شوناسی ئەو کرێکارە لاوە ڕانەگەیەنراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی نوێی ئیدارەی گشتی پەیوەندییە گشتییەکان و کاروباری نێونەتەوەیی ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی ئێران، لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا، هەزار و ٣٦٧ کەس بە هۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەستداوە و لە کۆی گشتی قوربانیانی ئەو ڕووداوانە، هەزار و ٣٤٨ پیاو و ١٩ ژن بوون.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، ٥٧٣ کەس بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بە ڕێژەی ٤١.٩ لە سەدا گیانی لە دەستداوە، ٣٢١ کرێکار شتی قورسی بەرکەتووە بە ڕێژەی ٢٣.٥، کارەبا گرتوویی ٢٠٠ کەس بە ڕیژەی ١٤.٦، گیان لەدەستدان بە هۆی نەبوونی ئۆکسیژن ٨٦ حاڵەت بە ڕێژەی ٦.٣، سووتاوی ٧٠ حاڵەت بە ڕیژەی ٥.١ بووە و حاڵەتەکانی دیکە ١١٧بە ڕیژەی ٨.٦ بووە.

پارێزگای تاران بە ٣٠٣ حاڵەت گیان لەدەستدانی کرێکاران، زۆرترین قوربانیی هەبووە و پارێزگاکانی زەنجان و چوارمەحاڵ و بەختیاری هەرکامیان بە ١٢ حاڵەت گیان لەدەستدان کەمترین قوربانیی ڕوودای کاریان هەبووە.

بەپێی ئەو ئامارە، لە ماوەی ئەم ١٠ مانگەدا ڕووداوی کار لە چاو ساڵانی ڕابردوو، ٤.١ زیادی کردووە.