لەسەقز تەقینەوەی مین ژنێکی کەم ئەندام کرد

20:18 - 25 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لەئەنجامی تەقینەوەی مینێکی چێنراو لە ناوچەیەکی شاری سەقز، برینداربوونی هاووڵاتییەکەی کوردی لێکەویتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕ، ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵەی کورد بە ناوی \" حەیات رەشیدیان\" خەڵکی گوندی \"جافر خان\" لە ناوچەی زیویەی سەر بە شاری سەقز بە هۆی تەقینەوەی مینەوە کەم ئەندام بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، ئەو ژنە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی \" ئیمام \"ی شاری سەقز کراوە.

\"28191.jpg\"
حەیات رەشیدیان بە هۆی تەقینەوەی مینەوەنەشتەرگەریی بۆ کراوە و لاقێکی بڕدراوەتەوە
سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو: حەیات رەشیدیان بە هۆی قورسی برینەکەیەوە نەشتەرگەریی بۆ کراوە و لاقێکی بڕدراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا وتی: ئەو هاووڵاتییە کوردە دوای نەشتەرگەرییەکەی خراوەتە ژێر چاوەدێری وردی پزیشکییەوە.

بەپێی ئەو زانیاری و ئامارانەی کە بڵاو کراونەتەوە ، ٦ میلیون هێکتار لە زەوییەکانی ئێران بە مین چینراون و زیاتر لە ٢٠ میلیون مین لە سەرتاسەری ئێران بوونیان هەیە.

بە هۆی ئەمنیەتی و سنووری بوون، زۆرترین مین لەچوار چیوەی جوغرافیایی ناوچە کوردنشینەکاندا چێنراون.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندەی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٤ هاووڵاتیی کورد لەناوچەکوردنشینەکان بوونەتە قوربانی مین، کە لە کۆی گشتی ئەو ریژەیە ٥کەس کوژراون و ٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.