٩٠ لەسەدی دەرمانخانە گیاییەکان لە کرماشان نایاسایی کار دەکەن
بەرپرسانی زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگای کرماشان ڕایانگەیاندووە: " ٩٠ لەسەدی دەرمانخانە گیاییەکان بە شێوەی نایاسایی کار دەکەن و تەنیا ١٠ لەسەدی چالاکیی یاساییان هەیە".
"کەیوومەرس ڕەحیمی" لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە: "هەندێک لە دەرمانخانە گیاییەکان لە چوارچێوەی ئەرکی یاسایی خۆیان لایانداوە و سەرەڕای فرۆشتنی دەوا و دەرمانە گیاییەکان لە چوارچێوەی فرۆشتنی یاسایی، هەوڵی فڕۆشتنی دەرمانی دیکە وەکوو دەرمانە ڕەوانگەردانەکان دەدەن و گیانی خەڵک دەخەنە مەترسییەوە".
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو دەرمانخانە گیاییانەی کردووە و ڕایگەیاندووە: "حەوتووی ڕابردوو، چەندین حاڵەتی تۆمارکردنی سکاڵا بەهۆی ڕوودانی کێشەی چاو و کۆئەندامی هەرس بۆ هاووڵاتییان تۆمار کراوە و تەنانەت لە ساڵانی ڕابردوودا، بەهۆی دەستێوەردانی خاوەن دەرمانخانە گیاییەکان لە کاروباری پزیشکی، چەندین حاڵەتی قرتاندنی لاقی هاووڵاتییانی لێ کەوتووەتەوە".