لەسەدا 70‌ی بیناكانی ئێران ناستاندارن

22:20 - 24 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: كارناسێكی بواری بیناسازی لەو باوەڕە دایە 70%ی بیناكانی ئێران لە بەرامبەر بوومەلەرزەی بە گوژمی زۆر كەمیشدا پتەو نین.

دوابەدوای بووومەلەرزەی ئازەربایجانی رۆژهەڵات و لەناوچوونی چەندین ئاوایی، هەواڵدەریی ئیسنا بڵاوی كردەوە، زۆربەی بیناكان پێوەرەكانی ستاندارد بوونیان تێدا نیە.

بەیتوڵڵا سەتارییان وتی: ئەگەر بێت و بوومەلەرزە لە زۆربەی شار و ئاواییەكانی ئێراندا روو بدات، نزیك بە 60% هەتا 70%ی بیناكان لەناو دەچن.

\"5677.jpg\"
ئەو كارناسە ئەوەشی خستە روو لە شاری تاران پێوەرەكانی ستاندارد بوونی بیناكان رەچاو دەكرێ‌ و داواشی كرد پێویستە ئەو پێوەرانە ناوچەكانی دیكەی ئێرانیش بگرێتەوە.

پێشتر بەهرام عەكاشە كە بە باوكی زەمین ناسیی لە ئێران ناسراوە وتبووی، بوومەلەرزە بە گوژمی 6 پلەی رێشتێر تەنیا 6 كوژراوی لێدەكەوێتەوە، بەڵام لە ئازەربایجانی رۆژهەڵات300 كوژراوی لێكەوتۆتەوە.

نەبوونی زانستی پێویست، كریكاری شارەزا و كونترۆڵ نەكردنی كۆمپانیا پێوەندیدارەكان بە مەبستی چاوەدێری بۆ رەچاوكردنی پێوەرە ستانداردەكان وای كردووە كە زۆربەی بیناكان لە ئاواییەكان پتەو نەبن.