لەسێدارەدانی ٧٨ زیندانی لە زیندانەکانی ئێران لە ماوەی یەک حەوتوودا

16:46 - 24 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی یەک حەوتووی رابردوودا، حوکمی لەسێدارەدانی ٧٨ زیندانی لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا جێبەجێ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە رۆژی یەکشەممەی رابردوو ١٧ی جۆزەردانەوە هەتا ٢٣ی جۆزەردان، ٧٨ زیندانی لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا کە بە تۆمەتگەلی جۆراجۆر بە سەریاندا سەپابوو، جێبەجێ کراوە.

بە پشت‌بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە یەک حەوتووی رابردوودا، ١٢ زیندانی بە تۆمەتی \"بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە\" لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران.

ئامار و راپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە حوکمی لەسێدارەدانی ٢٢ زیندانی لە زیندانی قزەلحیساری، ١١ زیندانی لە زیندانی رەجایی‌شاری کەرەج، ٨ کەس لە زیندانی بەندەرعەباس، ٧ زیندانی لە زیندانی عادڵ‌ئاوای شیراز، ٥ زیندانی لە زیندانی ناوەدنیی کەرەج، ٢ کەس لە زیندانی رەشت و ٤ زیندانی دیکەش لە زیندانەکانی زاهیدان، قائیم‌شار، قەزوێن و ئەردەبیل لە یەک حەوتووی رابردوودا چووەتە بواری جێبەجێ‌کرانەوە.

هەروەها لەو ماوەیەدا، ٦ زیندانیی دیکەیش لە بەرچاوی خەڵکەوە لە سێدارە دراون.

ئامارەکان جێبەجێ‌کرانی حوکمی لەسێدارەدانی ژنێکیش لە خۆ دەگرن کە بە تۆمەتی \"قەتڵ\" و لە شوێنێکی نادیار لە سێدارە دراوە.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی تۆمەتی ئەو لەسێدارەدراوانەی، \"بازرگانی‌کردن بە ماددە هۆشبەرەکان، دەستدرێژی جینسی و قەتڵ\" راگەیاندووە.

لەو نێوانەدا تۆمەتی ٥٧ زیندانیی لەسێدارەدراو \"تاوانە پێوەندیدارەکان بە ماددە هۆشبەرەکان\"، تۆمەتی ١٥ کەسی دیکە \"قەتڵ\" و تۆمەتی ٦ زیندانیی دیکەشیان \"دەستدرێژی جینسی\" راگەیەندراوە.

رێژەی بەرچاوی لەسێدارەدانەکان لە ئێران و بەرزبوونەوەی مەحکووم‌کرانی هاووڵاتییان بە لەسێدارەدان لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، بەردەوام رەخنەی رێکخراو و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێرانی لێ کەوتووەتەوە.

ئامارە نیمەفەرمییەکان پیشان دەدەن کە تۆمەتی نزیک بە لە سەدا ٧٠ی لەسێدارەدانەکان لە ئێراندا، \"تاوانە پێوەندیدارەکان بە ماددە هۆشبەرەکان\"ـن.

چالاکانی مافی مرۆڤ لەسەر ئەو باوەڕەن کە سەرەڕای باشتربوونی پێوەندییەکانی حکوومەتی ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانی، ئاماری لەسێدارەدانەکان لە ماوەی سەرکۆماری حەسەن رۆحانیدا بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر رووی لە زیادبوون کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاماریی تایبەت بە لەسێدارەدانی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، زۆرترین حاڵەتەکانی جێبەجێ‌کردنی حوکمی لەسێدارەدان لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینیدا لە ئێراندا بووە.