لەسێدارە درانی ٣٧ هاووڵاتی لە ٦ رۆژی رابردوودا لەوڵاتی ئێران + ئامار

19:25 - 9 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ئاماری لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی لە زیندانەکانی ئێران لەماوەی دەوڵەتداریی حەسەن رۆحانیدا و بەپێچەوانەی چاوەڕوانیی خەڵک لە دەولەتی ناوبراو، رووی لە زیادبوون کردووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەرۆژی شەممە رێکەوتی ٤ی خەزەڵەوەرەوە هەتا ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ٩ی خەزەڵوەر، سەرجەم ٣٧ هاووڵاتیی کورد و ئێرانی لەزیندانەکانی ئەو وڵاتەدا لەسێدارە دراون.

لەکۆی ئەو ٣٧ کەسەی کە لە ماوەی ئەو ٦ رۆژەدا لەسێدارە دراون، ١١ کەسیان هاووڵاتیی کورد بوون، کە دوو کەسیان بەناوەکانی \"حەبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور\" و \" رەزا ئیسماعیلی\" زیندانیی سیاسی بوون کە لەزیندانەکانی ورمێ و سەڵماس لەسێدارە دران.

هەروەها بەپێی ئەو ئاماەرە کە لەناوەندی ئاماری ئاژانسی تۆمار کراوە، لەسەرەتای هاتنە سەرکاری حەسەن رۆحانی لەرێکەوتی ١٢ی مانگی گەلاوێـژەوە هەتا ئەمڕۆ رێکەوتی ٩ی خەزەڵوەر، سەرجەم ٢٢٤ هاووڵاتی ئێــرانی لەسێدارە دراون کە لەسێدارە درانی ١٤٥ کەسیان لەماوەی ٢ مانگی یەکەمی دەوڵەتداریی رۆحانیدا تۆمار کراوە.

لەسەرەتای دەستبەکاربوونی حەسەن رۆحانییەوە هەتا ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ٩ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، سەرجەم حوکمی لەسێدارە درانی ٢٨ هاووڵاتیی کورد لەزیندانەکانی وڵاتی ئێــراندا جێبەجێ کراوە.