لەسێدارە درانی زیندانییەکی دیکەی سیاسی لە زیندانی خوەڕەماوا

19:36 - 7 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لەسێدارە درانی چالاکێکی سیاسیی بەلووچ لە زیندانی پارسلیونی شاری خورەماوا لە ئوستانی لوڕستان جێبەجێ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لەرۆژانی سەرەتای ئەم حەفتەیەدا زیندانییەکی سیاسیی بەلووچ بەناوی \"سەلمان میایی\" تەمەن ٣٠ ساڵ لەزیندانی ناوەندیی خوڕەماوا لەسێدارە درا.

ئەو زیندانییە سیاسییە ئەندامی \"جوندوڵڵای سیستان و بەلووچستان\" بووە و ماوەی یەک ساڵ بوو کە لەو زیندانەدا راگیرابوو.

چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لەئێران بڵاوی کردەوە : ئەم \"شەهیدەی رێگەی ئازادیی خەڵکی ئێران\" هاوکات لەگەڵ ١٦ کەسەکەی زیندانی ناوەندیی زاهیدان لە رێکەوتی ٤ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا لەسێدارە دراوە.

سەرلە بەیانی رۆژی شەممە رێکەوتی ٤ی خەزەڵوەر دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە هەڵوێستێکی تۆڵە ئەستاندنەوەدا، ١٦ ئەندامی گرووپی \"جەیشولعەدل\"ی لە زیندانی ناوەندیی زاهیدان لە ئوستانی سیاستان و بەلووچستان لە سێدارە دا.

سولەیمان میایی زستانی ساڵی ١٣٨٩ لەشاری چابەهار دەستبەسەر و بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو بۆ ماوەی ٧ مانگ لە ژوورە تاکە کەسییەکاندا لەژێر ئەشکەنجەدا بووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن دادگای ئینقلابی زاهیدانەوە بە دادوەریی \"ماه گوڵی\" حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا و لە سەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە.

هاوکات لەگەڵ لەسێدارە درانی ١٧ زیندانیی سیاسیی بەلووچ لەزیندانی زاهیدان، ٢ زیندانیی سیاسیی کورد بەناوەکانی حەبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور و رەزا ئیسماعیلی لە زیندانەکانی ورمێ و سەڵماس لەسێدارە دران.

هاوکات ئمام جومعەی شاری مەریوان بەمەبەستی لەسێدارە دانی دوو زیندنایی سیاسیی کورد بەناوەکانی زانیار و لوقمان مورادی سەردانی شاری تارانی کردووە و هاوکات رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەو پەیوەندییەدا نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە.