لەزیندانی رەجایی شار دەزگای پاڕازیتی بەهێز دانراوە

13:52 - 17 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج بە دانانی دەزگای پاڕازیت، تەندروستیی زیندانییەکانیان خستۆتە مەترسییەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەچەند رۆژی رابردوودا دوو کەس لەزیندانیانی سیاسیی ساڵۆنەکانی ١٠ و ١١ی گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج لە ئەنجامی ئاسەواری شەپۆلی پاڕازیتدا، رەوانەی بێهداریی نێو زیندان کراون.

سەر ئێشە و لەهۆشچوون بە هۆی دانانی پاڕازیتەوە سڵامەتی زیندانییەکانی خستۆتە مەترسییەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەزگای پاڕازیتێکی نوێ بە شەپۆلی بەهێزەوە لە سالۆنی ناسراو بە \" حوسێنیە\" دانراوە و تەنانەت تەلەفزیۆنەکانی نێو زیندانیش تووشی کێشەی تەکنیکی هاتوون.

دەوترێت ئەو دەزگا پاڕازیتانە کە بە مەبەستی پچڕاندنی پێوەندی (موبایل)ی نێو زیندان دامەزراوە، هەڕەشە لەسلامەت و تەندروستی زیندانیان دەکات و چەندین نەخۆشی وەکوو سەر ئێشە، ئازاری جومگەکان و ... سەری هەڵداوە.

ئەو راپۆرتانەی کە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون باس لەوە دەکەن، شەپۆلی پاڕازیتەکان وای کردووە کە بەشێک لە مەئمووران و پێرسۆنێلی ناو زیندانی رەجایی شار بە دوای گواستنەوەیان بۆ شوێنی دیکە بن.

پێشتریش زیندانیانی سیاسی ئەو زیندانە چەندین جار بە نیشانەی دانانی دەزگای پاڕازیت ناڕەزایەتی و مانگرتنیان راگەیاندبوو.