لەبەر ئەوەی خومەینی مەقامێكی مەزهەبیی هەبوو ئەو بڕیارە بە فتوا تەعبیر كرا

15:17 - 19 رەزبەر 2711
لەبەر ئەوەی خومەینی مەقامێكی مەزهەبیی هەبوو ئەو بڕیارە بە فتوا تەعبیر كرا، ئەگەر نا فتوای قەتڵ و عامی خەڵكی نەدا.

دیمانەی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لەگەڵ عەبدوڵڵا حەسەن زادە چالاكی سیاسی لە پێوەندی لەگەڵ روودای 28ی گەلاوێژی ساڵی 1358ی كوردستان:


كوردپا: خومەینی بەردەوام لە لێدوان و وتەكانیدا باسە لە پێكەوەژیانی برایەتی دەكرد، بەڵام بینیمان كە فتوای 28ی گەلاوێژی 1358ی لێكەوتەوە، ئاخۆ ئەم بڕیارە سەرچاوەیەكی مەزهەبیی هەبوو یان دژایەتی كردن بوو لەگەڵ پرسی كورد؟ ئێوە پێتان وایە ئەو بڕیارەی خۆمەینی لە ئەنجامی راوێژ لەگەڵ دەوروبەرەكانی هاتبووە ئاراوە؟

ع. حەسەن زادە: ئەو فەرمانەی كە خومیەنی وەكوو فەرماندەی \"كل قوا\" دەری كرد، لەلایەكەوە خومەینی تەنیا دەسەڵات بوو لە ئێراندا پاشان دەورووبەرەكەی وایان حاڵی كردبوو كە هەموو دنیا لەژێر ئەمری ئەوە و تەنیا لە كوردستان خەڵكێكی یاخی پەیدا بوون كە سەرپێچی لە بڕیارەكانی دەكەن، ئەوانەی كە ئەویان حاڵی كردبوو بە دوو جۆر خراپیان تێگەیاندبوو یەكیان ئەوە بوو لە كوردستان تەنیا تاقمێكی كەمن كە ئاژاوەیان ناوەتەوە و سەرپێچی لە فەرمانەكانی ئەو دەكەن، لەلایەكی دیكەشەوە وایان تێگەیاندبوو كە خەڵكی كوردستان لەو تاقمە بێزارن ئەوە بوو كە فەرمانی دا هەموو هێزە چەكدارەكان هێرش بكەنە سەر كوردستان و لەلایەكی دیكەشەوە داوای لە خەڵك دەكرد كە یاخییەكان بگرن و تەسلیمیان بكەنەوە. مەسەلەی باس كردنیشی لە برایەتی ئەوە بوو كە ئەوكات لە دەسەڵاتدا نەبوو و رەخنەی لە دەسەڵاتی حەمەڕەزا شا دەگرت و باسی لە برایەتی هەموو موسڵمانان دەكرد و مەبەستی لەو برایەتیە دابین كردنی مافی گەلانی ئێران نەبوو، بەڵكوو مەبەستی ژیان كردن لەژێر ئیسلامی خومەینیدا بوو.

كوردپا: ئەم وتانەی خومەینی كەلە رۆژنامەی كەیهاندا چاپ و بڵاو بۆتەوە، دەڵێ‌: ئێمە زۆرمان هەوڵ دا كەلە كوردستان شەڕ ساز نەبێت و تەنانەت بۆ خۆم یوونسی پارێزگاری ئەوكاتی سنەم بانگ كرد و پێم گوت كە دەبێ‌ لە كوردستان ئاشتی و ئارامی سەقامگیر ببێت، بەڵام ئەو ئاشتی و ئارامیە نابێ‌ بەنرخی تێكچوونی باری خۆش بژێوی و ئاسایشی خەڵكی مەدەنیی كورد تەوا ببێت، ناوبراو وتوویەتی ئێمە ئەو بڕیارەمان بۆ سەر ئەشرار داوە، رای ئێوە لەم بارەوە چیە؟

ع. حەسەن زادە: لەبەر ئەوەی خومەینی مەقامێكی مەزهەبیی هەبوو ئەو بڕیارە بە فتوا تەعبیر كرا، ئەگەر نا فتوای قەتڵ و عامی خەڵكی نەدا، بەلام لەبەر ئەوەی كە هێزە سیاسییەكان لەگەڵ خەڵكی لێك جێا كردنەوەیان كارێكی ئاسان نەبوو، ئەو حوكمە و فەرمانە وەكوو فتوا تەعبیر كرا بۆ سەر خەڵكی كوردستان، پاشانیش زۆر روون و ئاشكرا بوو كە خومەینی لە یوونسی یا غەیرە چی دەویست ئەو دەیوت سرەتا گەمارۆ و دوایی موزاكرە.

كوردپا: هۆكاری ئەوەی كە خەڵك و هێزە سیاسییەكان لێك جیا نەدەكرانەوە چی بوو؟

ع. حەسەن زادە: چۆن ئەوان داخوازی هەموو خەڵكی كوردستانیان داوا دەكرد و هیچ شتێكیان وەكوو دەستە و گرووپ بۆ خۆیان نەدەویست و هێرشی حكوومەت بۆ سەر حیزبەكان بە واتای هێرش كردنە سەر خەڵكی كورد بوو.

كوردپا: وەك كەسێكی بێلایەن رەخنەت لە كردەوەكانی ئەوكاتی هێزە سیاسییەكانی كورد چیە؟ و پێت وایە هێزە سیاسییەكان دەیانتوانی چ كارێكی باشتر بۆ وەدیهاتنی مافە سیاسییەكانی كورد بكەن كە نەیانكرد؟

ع. حەسەن زادە: تەنیا ریگایەك كە دەكرا هێرش بۆ سەر كوردستان رابگیرێ‌ ئەوە بوو كە حیزبەكان تەسلیم بن و هەرچی كۆماری ئیسلامی دەیوت ملكەجی بانایە و خومەینی لە سازمانەكانی دیكەش رازی نەبوو بۆ وینە قەتڵ و عام كردنی حیزبی تودە و لایەنگرەكانی، یان ئەوەی كە موجاهدین خۆیان بە كوڕ و كچی خومەینی دەزانی، بەڵام فەرمانی لەناو بردنی دان.

رەنگە هێزە سیاسییەكان رەخنەی جوزئیان لەسەر بێت بەڵام بە گشتی دەبایە تەسلیم ببان كە ئەویش شایستەی ئینسانی ئازادیخواز نیە.