لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوون لە شاری نەغەدە نزیک بە ٣٠ هاووڵاتیی کورد بریندار بوونە

13:15 - 18 گەلاوێژ 2721

پاش ڕووداوی کوژرانی هاووڵاتییەک بە ناوی "فەردین ئیبراهیمی" خەڵکی شاری شنۆ لە شاری نەغەدە و ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی شاری نەغەدە لەمەڕ ئەو ڕووداوە و چوونە بەردەرگای کەلانتەریی ئەو شارە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، نزیکەی ٣٠ هاووڵاتی بریندار بوونه.

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری نەغەدە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاندووە؛ پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی هاووڵاتییەکی شنۆیی لە شاری نەغەدە، هاووڵاتییانی ئەو شارە ڕژانە سەر شەقامەکان و لەبەردەرگای کەلانتەری کۆ بوونەوە و دەستیان بە دروشمدان کرد.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی شاری نەغەدە، بوو بەهۆی ئەوەیکە هێزە نیزامییەکان بێنە سەر شەقامەکان و ئەو هێزانە بە هاویشتنی گازی فرمێسک‌ڕێژ و تەقەکردن لە هاووڵاتییان، ویستیان بڵاوە بە هاووڵاتییانی ناڕازی بکەن.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکان، هاووڵاتییەک بە ناوی "محەممەد عەلیزادە" تەمەن ٢٧ ساڵ، بە تەقە ئەو هێزانە گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەی ئاژانسی کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە جگە لە کوژرانی ئەو هاووڵاتییە، نزیک بە ٣٠ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شاری نەغەدە بە تفەنگی ساچمەیی هێزەکانی پۆلیس و ئینتزامی بریندار بوونه و لە ترسی دەسبەسەر و ئازار و ئەزیەت کردنیان سەردانی نەخۆشخانەیان نەکردووە و تەنیا لە ماڵەکان چارەسەرییان بۆ کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاندووە پاش بڵاوەپێکردنی هاووڵاتییان لەلایەن پۆلیسەوە، ژمارەیەک لە تورکەکان دەستیان بە جنێودان بە کوردکان کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر دووکان و ماڵی هاووڵاتییانی کورد و خەسارێکی بەرچاویان بە دووکان و ماڵی هاووڵاتییان گەیاندووە و شەڕ دەستی پێ کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، ژمارەیەک لە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسیان لە دەسبەسەرکردنی ٣ کەس لە شاری نەغەدە بەنیسبەت ئەو ڕووداوە کردووە، بەڵام ئاژانسی کوردپا ناتوانێ ئەو هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە.

هەروەها، یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی فەردین ئیبراهیمی لەمەڕ چۆنییەتی کوژرانی ئەو هاووڵاتییە بە ئاژانسی کوردپای، ڕاگەیاندووە ڕۆژی شەممە ١٦ی گەلاوێژ، فەردین ئیبراهیمی بە مەبەستی چاککردنەوەی ماشینەکەی سەردانی شاری نەغەدە دەکات و خاوەن دووکانەکە لەگەڵ کەسێکی دیکە تووشی دەمەقاڵێ دەبێت. لەو ڕووداوە فەردین لە پشتەوە بە چەقۆ لێی دەدرێت و دەکوژێت.

ئەو هاووڵاتییە لە درێژەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە فەردین لەگەڵ خاوەن دووکانەکە هیچ کێشەیەکی نەبووە و بەڵکوو خاوەن دووکانەکە، کێشەی پارەی لەگەڵ کەسێکی دیکە هەبووە و پاش تەلەفوون‌کردنی خاوەن دووکانەکەی بۆ براکەی، برای خاوەکان دووکانەکە بەبێ ئاگاداری لە ڕووداوەکە، لە پشتەوە بە چەقۆ لە فەردین دەدات و دەبێتە هۆی کوژرانی فەردین.

 ئەو هاووڵاتییە هەروەها ڕایگەیاندووە بنەماڵەی فەردین ئیبراهیمی سکاڵایان لەمەڕ کوژرانی کوڕەکەیان تۆمار کردووە و بکوژەکەیش دەسبەسەر کراوە.

فەردین ئیبراهیمی خێزاندار و خاوەن منداڵێکە.