لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەكان سێ‌ كۆڵبەری كورد لە ناوچەی شنۆ بریندار بوون

15:40 - 6 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: كۆمەڵێك لە كۆڵبەران و كاسبكارانی ناوچەی شنۆ لەلایەن هێزەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستڕێژیان لێكرا و لەئەنجامدا سێ‌كۆڵبەر بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شەوی رابردوو رێكەوتی 5‌ی رەزبەر لە ناوچە سنوورییەكانی شنۆ سێ‌كۆڵبەری كورد بە ناوەكانی سەعید بەنگینی خەڵكی ئاوایی \"سینگان\"ی سەر بە شاری شنۆ، رێبوار فەقێ‌مینە و سەلاح بەنگینی بە تەقەی هێزە نیزامییەكان بریندار بوون.

هەر لەو پێوەندییەدا هێزە نیزامییەكان دوای بریندار كردنی ئەو سێ‌هاووڵاتیە، كۆڵبەرێكی دیكەش دەستبەسەر دەكەن.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە ماوەی 6 مانگی رابردووە هەتا ئێستا 49 كۆڵبەری كورد لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستان بە تەقەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئێران كوژراو و بریندار كراون.

لە كۆی گشتیی ئەو رێژەیە 23 كۆڵبەری كورد كوژراون و 26‌ی دیكەش بریندار بوون.