لە ئێران ڕۆژانە ١٢ کەس بەهۆی بەکاربردنی ماددە سڕکەرەکانەوە گیانیان لەدەست دەدەن

12:36 - 11 جۆزەردان 2721

بەرێوەبەری دەرمان و پشتیوانییە کۆمەڵایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە سڕکەرەکان، ڕایگەیاندووە: "ساڵانە نزیک ٤ هەتا ٥ هەزار کەس لە ئێران، بەهۆی بە کاربردنی ماددە سڕکەرەکانەوە گیانیان لەدەست دەدەن".

بە وتەی ڕەزا تویسرکان‌مەنێش، لە ٢٤ کاتژمێردا، ١٢ هەتا ١٣ کەس بەهۆی تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکانەوە، گیانیان لەدەست دەدەن.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها ڕایگەیاند: "بەکارهێنانی ماددە سڕکەرەکان لە ئێران بریتین لە تریاک، هێرۆئین، هەروەها ئەو ماددانە کە لە تریاک دروست دەکرێن و هەروەها بەشێکی کەمی وەک سڕکەرەکان بە تایبەت حەشیش، شیشە یان تێکڵاوێک لە ماددەی موحەركی نوێ".

 بە وتەی ڕەزا تویسرکان‌مەنێش، بە شێوەی گشتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، لە ئێران ٥.٤ لەسەدە کە بۆ کرێکاران ٢٢.٣ لەسەد (زۆرترین ڕێژەی بەکارهێنان)، بۆ ژنان ٦ لەسەد، بۆ خوێندکاران ٤.٧ لەسەد و بۆ قوتابییان ٢ لەسەد ڕاگەیەندراوە.

بەپێی بشتبەستن بە وتەکانی تویسرکان‌مەنێش، گیرۆدەبوونی هەنووکەیی بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێران، بووەتە لێگەڕیکی گەورەی کۆمەڵایەتیی و کارناسان چوونە سەرەوەی ڕێژەی گیرۆدەبووان بە ماددە هۆشبەرەکان و گیانلەدەستدانیان بەو ماددەیە، بۆ نەبوونی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان، گوشارە سیاسییەکان، کەمیی ئیمکاناتی ڕابواردن، گرفتی ئابووری و هەروەها نەبوونی دوورە داهاتوویەک بۆ هاووڵاتییانیان گەڕاندووەتەوە.