لە ئێران ١٤٥ هەزار منداڵ لە خوێندن بەجێ ماون

19:50 - 24 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: لە وڵاتی ئێران ١٤٥ هەزار منداڵی تەمەن ٧ هەتا ١١ ساڵ لە خوێندن و قوتابخانە بەجێ ماون و بە نەخوێندەواری ماونەتەوە.

\"یووسف نووری\" لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەی \"جامی جم\"ی راگەیاندووە کە ئەگەر ئەو منداڵانە رێگەی قوتابخانەیان بگرتایە بەر، لە یەکێک لە پۆلەکانی ١ هەتا ٦ی سەرەتای سەرقاڵی خوێندن دەبوون.

ئەو بەرپرسەی ناوەندی ئامار و تەکنەلۆژیای ئێران رێژەی کوڕ و کچ بوونی ئەو ئامارە ١٤٥ هەزار کەسییەی رانەگەیاندووە.

پێشتریش \"عەلی باقرزادە\" بەرپرسی رێکخراوی \"سەواد ئامووزی\" بەپشت بەستن بە ئاکامی سەرژمێریی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی رایگەیاندبوو، لە وڵاتی ئێران ٩ میلیۆن و ٧١٩ هەزار کەسی نەخوێندەوار بوونی هەیە کە ٣ میلیۆن و ٤٥٦ هەزار کەسیان تەمەنیان لە نێوان ٦ هەتا ٤٩ ساڵ دایە لە کۆی ئەو رێژەیە تەنیا ٥% تەمەنیان لە نێوان ٦ هەتا ١٩ ساڵ و ٢% تەمەنیان لە نێوان ٦ هەتا ٩ ساڵ دایە.

هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا \"ئەکبەر عەزیمی\" جێگری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای کوردستان رایگەیاندبوو، کە بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی ٢٨٦ هەزار و ٢٣٩ کەسی نەخوێندەوار لەو پارێزگایەدا بوونی هەیە.

وڵاتی ئێران لە نێوان ١٧٨ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٢٠ی هەیە و هەروەها ٢٣%ی حەشیمەتی ئەو وڵاتە کەسانی نەخوێندەوار پێکی دێنن.