لە ئێران هەتا كۆتایی مانگی خاكەلێوە 25% نرخی دوا و دەرمان زیاد دەكات

20:54 - 20 خاکەلێوه 2712
كوردپا: لە حاڵێكدا كە سێ‌ رۆژ لە حەفتەی سڵامەت تێدەپەڕێ‌، پێشبینی ئەوە دەكرێ‌ كە لەسەدا 75‌ی تێچووی دوا و دەرمان بكەوێتە ئەستۆی خەڵكی.

جێگری كۆمیسیۆنی تەندروستی و دەرمان لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران وێڕای ئاماژە دان بە كەمیی بوودجەی 2500 میلیارد تمەنیی ئەو وەزارەتە وتی: بودجەی بیمەی تەرخان كراو لە نرخی هەڵاوسان كەمترە.

ئەنوشیروان موحسێنی بەندپی، بەپێی بەرنامەی ئەمساڵی دەوڵەت نرخی دەرمان لە 65%وە بۆ 75% زیاد دەكات و ئەوەش دەكەوێتە سەرشانی هاووڵاتییان.

لەلایەكی دیكەوە جێگری وەزارەتی تەندروستی و دەرمان بە هەواڵدەریی ئیسنای راگەیاندووە، هەتا كۆتایی ئەم مانگە نرخی دوا و دەرمان لە نێوان 16 هەتا 25% زیاد دەكات.

پێكهێنانی كۆمیتەی قەیران، چوونەسەری نرخی دوا و دەرمان و كەمیی پەرەستار لەو كێشانەن كە ناوەندەكانی تەندرووستی لەگەڵی بەرەوڕوون.

پێشتر رێكخراوی نێودەوڵەتیی تەندروستی لە راپۆرتێكدا باردۆخی تەندروستی گشتیی لە ئێراندا و چەند وڵاتی ئەمریكای لاتین بە خراپ لە قەڵەم دابوو.

لە ئەنجامی گەمارۆكانی یەكیەتیی ئورووپا بۆ سەر بانكی ناوەندیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، نرخی دوا و دەرمان نزیك بە 7% چۆتە سەر.