لە یەك رۆژدا 51 هاووڵاتی لە ناوچە جیاجیاكانی سووریە بوونە قوربانی

14:04 - 2 رێبەندان 2711
كوردپا: سەرچاوە دژبەرەكانی سووریە رایانگەیاند، رۆژی شەممە رێكەوتی 1ی رێبەندان لە ئەنجامی هێرش و دەستڕێژی هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەكانی سووریە بۆ سەر كۆبوونەوەی ئیعترازیی خۆپیشاندەران لە ناوچە جیاجیاكان، 51 كەس بوونەتە قوربانی.

ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە بڵاوی كردەوە، شۆرای هاوئاهەنگیی شۆڕشی سووریە تەئكیدی كردۆتەوە لە ئەنجامی ئەو كوژراوانە،30 كەسیان كە تەحویلی نەخۆشخانەكان دراون هەتا ئێستا شوناسیان نەناسراوە.

هەمان سەرچاوە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، ماشینێكی نیزامی لە باكووری رۆژئاوای سووریە كە هەڵگری كۆمەڵێك دەستبەسەر كراو بووە، لە رێگای بۆمبی كەنار جادەییەوە تەقێنراوەتەوە كە بۆتە هۆی كوژرانی 15 كەس و 6 كەس لە هێزە ئەمنیەتییەكانیش بریندار بوون و تەنیا رۆژی شەممە رێژەی قوربانییەكان گەیشتۆتە 51 كەس.

دژبەرانی سووریە حكوومەت بە دەست تێدا بوون لەو تەقینەوانە بە تاوانبار دەزانن، بەڵام دەوڵەت \"گرووپە تیرۆریستییەكان\" بە بەرپرسیار دەزانێت.

لەلایەكی دیكەشەوە شۆرای میللیی سووریە بۆ راوەستانی كوشتار و سەركوتی خەڵكی سووریە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە داوای لە كۆمكاری عەرەب كردووە، دۆسیەی سووریە رەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بكات.

دژبەرانی حكومەتی سووریە رۆژی شەممە دوایین ئاماری قوربانیانی خۆپشاندان و ئاڵۆزییەكانی10 مانگی رابردووی سووریەیان 6522 كەس راگەیاندووە.

ئەو رێژەیە لە 309 رۆژ و لە سەرەتای دەسپێكی ئەو خۆپیشاندانەوە لە ئەنجامی هێرش و دەستڕێژی هێزەكانی ئەرتشی حكوومەتی سووریە بۆ سەر كۆبوونەوە ئیعترازییەكان رووی داوە كە زۆربەیان هاووڵاتیی مەدەنی بوون.

ماڵپەڕێكی تایبەت بە كۆ كردنەوەی ئاماری كوژراو و ونبوانی رووداوەكانی ئەمساڵی سووریە ئاشكرای كردووە، لە كۆی ئەو قوربانیانە 305 كەسیان ژن و 446 كەسی دیكەشیان منداڵ بوون و هەروەها لەو ماوەیەدا زیاتر 4 هەزار كەسیش ونبوون و چارەنووسیان ناڕوونە كە لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و لیباس شەخسییەكانی لایەنگری حكومەتی سووریەوە جێبەجێ‌كراون.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە هەتا ئێستا 698 كەس لە هێزەكانی ئەرتش كەلە دەستڕێژ بۆ سەر هاووڵاتییان خۆیان بواردووە بەدەستی هێزە ئەمنیەتییەكان كوژراون.