لە ئیلام ٥ قوتابیی ٧ هەتا ١١ ساڵ بەهۆی تەقینەوەی گوللـە خومپارە بریندار بوون+ ناسنامەی برینداران

12:57 - 11 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقینەوەی گوللـە خومپارەیەکی نەتەقیوی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و ئێراق ٥ قوتابیی کورد بە توندی بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی رۆژی رابردوو لە ناوچەی (کونجان چەم) سەربە ئوستانی ئیلام، پێنج قوتابی، هەوار نشینەکانی ئەو ئوستانە، لە ئەنجامی تەقینەوەی گوللـە خومپارەیەکی نەتەقیودا بریندا بوون.

ئەمیر محەمەد تەمەن ٨ ساڵ و ئەمیر حوسێن پەیکانی تەمەن ١١ ساڵ (برا) کوڕی یەدوڵڵا، محەمەد و مەهدی باباخانی تەمەن ٧ و ٨ ساڵ (برا) و کوری عەلیمەردان و هادی مەلەکیان کوری کەرەم ناسنامەی بریندارەکانن.

\"25095.jpg\"
یەکێک لە منداڵانی بریندار لە رووداوی تەقینەوەی خومپارە
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بارودۆخی تەندروستیی دوو کەس لەو قوتابییانە، ناجێگیر راگەیاندراوە.

کارناسێکی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی لە ئیلام، بە هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند؛ بە سەرنجدان بەوەیکە لەسەدا ٨٠ی جەستەی ٢ کەس لەو قوتابییانە سووتاون، پێدەچێت گوللـە خومپارەی \"دود زا\" بە روویاندا تەقیبێتەوە.

ئەو ٥ قوتابییە کوردە لە نزیک قەڵای کونجان چەمی مێهران لە ئوستانی ئیلام تووشی ئەو رووداوە بوون، کە هەر پێنجیان لە نەخۆشخانەی \"ئیمام\"ی شاری ئیلام لە ژێر چاوەدێریی پزیشیکیدان.

\"25072.jpg\"
پێشتریش لەرووداویکی هاوشیوەدا لە گوندی نشکاشی مەریوان، ٧ قوتابیی ٨ هەتا ١٠ ساڵ تەمەن بەهۆی تەقینەوەی مین بریندا بوون
پێشتریش لەرووداویکی هاوشێوەدا لە گوندی نشکاشی مەریوان، ٧ قوتابیی ٨ هەتا ١٠ ساڵ تەمەن بەهۆی تەقینەوەی مین بریندا بوون، کە ئاڵا رووبینا چاوێک و گەشین کەریمیش لاقیکی لەدەست دا.

بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بە ئەژمار کردنی ئەم ٥ قوتابییە بریندارەی ناوچەی ئیلام، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا (٢٤ مانگی رابردوو)دا، سەرجەم ١٠١ کەس لە ئوستانە کوردنشینەکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا بوونەتە قوربانیی تەقینەویە مین و تەقەمەنیی بەجێماوی شەڕ، کە سەرجەم ١٧ منداڵی تەمەن ژێر ١٥ ساڵ لە نێو برینداران و کەمئەنداماندان.

بەپێی ئاماری کوردپا تەنیا لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا، ٥ کەس لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆی مین و تەقەمەنیی بەجێماوی شەڕ گیانیان لەدەست داوە.