لە کرماشان مامۆستایەکی زانکۆ لەسەر کارەکەی دەرکرا

16:36 - 14 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا:لە درێژەی فشار و بەردەوامیی دۆخی ئەمنیەتیی شارەکانی کوردستان، یەکێک لە مامۆستایانی کوردی زانکۆی ئازادی کرماشان، لەسەر کار دەرکرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسی زانکۆی ئازاد (بەشی توێژینەوەی زانستی)ی کرماشان لە هەوڵێکی بێ پاساودا دکتور \"زەکەریا قادری\" لە پۆستەکەی دەرکرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کرماشان بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، دەرکردنی ئاغای قادری لەلایەن بەرپرسی زانکۆکەوە پێشتر بە بەڕێوەبەرانی کەرتی زانستی سیاسی و پاشان بە خۆشی راگەیەندراوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی قادری بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، دەرکردنی زەکەریا لەسەر فشاری راستەوخۆی حەراسەتی زانکۆ بووە و بەوە تۆمەتبار کراوە کە توێژینەوەی لەسەر مێژووی کوردستان کردووە.

\"26859.jpg\"
دەرکردنی زەکەریا لەسەر فشاری راستەوخۆی حەراسەتی زانکۆ بووە و بەوە تۆمەتبار کراوە کە توێژینەوەی لەسەر مێژووی کوردستان کردووە
ئەو هاووڵاتییە باسی لەوەش کرد کە پەروەندەی ئەندامەتییەکەی لە لیژنەی زانستی لەم دوایی‌یانەدا بە شێوەیەکی چاوەڕوان‌نەکراو پاش دوو ساڵ بە شێوەی ناڕوون مابوویەوە.

هەنووکە دوکتور قادری کە خاوەنی بڕوانامەی کارناسیی باڵایە، وانە وتنەوەی لێ قەدەغە کراوە.

پێشتریش لە شاری کرماشان بەرپرسانی زانکۆی ئەو شارە فشاریان خستبوویە سەر دوکتور محەممەدڕەزا هەمزەیی و دژایەتییان لەگەڵ بردنە سەری پلەی زانستییەکەی کردبوو.

ئەو مامۆستایە لەم دوایی‌یانەدا لێکدانەوەیەکی لەسەر \"شانامەی کوردی\" بە شێوەی توێژینەوە ئەنجام دابوو و باشترین پلەی توێژینەوەیی ئێرانی بە دەست هێنابوو.

هەتا ئێستا چەندین هەواڵ سەبارەت بە دەرکردنی مامۆستایانی کورد بە بیانووی جۆراوجۆر بڵاو کراونەتەوە و بەشێکی بەرچاویان بە ناچاری ئێرانیان بەجێ هێشتووە.