لە ڕۆژی ٨ی مارسدا زیاتر لە ٨٠ ژن و پیاو دەسبەسەر کران

14:50 - 18 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: لە ڕۆژی ٨ مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان، زیاتر لە ٨٠ ژن و پیاو لەبەر دەم وەزارەتی کار لە شاری تاران لەلایەن مەئموورانی ئینتزامیی و گاردی دژی شۆڕش، دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەشەمە، سەرەڕای کەش و هەوای ئەمنیەتی و بەشداری مەئموورانی ئینتزامی و گاردی دژی شۆڕش، ژمارەیەک لە ژنان و پیاوان لە بەر دەرگای وەزارەتی کار کۆبوونەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کانوونی مافی مرۆڤی ئێران، پاش کۆبوونەوەی ژنان بۆ بەڕێوەچوونی ڕۆژی ژنان لە ٨ی مارس لە بەرانبەر وەزارەتی کار، مەئموورانی ئەمنیەتی هێرشیان کردە سەر ئەو ژنانە و ژمارەیەکیان لێ دەسبەسەر کردن.

بە پێی ئەو سەرچاوەیە، ژمارەیەک لە پیاوانیش لەو پەیوەندییەدا دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراون.

شوناسی ژمارەیەک لەم ژن و پیاوانەی کە دەسبەسەرکراون بەم چەشنەیە:
بەنەفشە جەماڵی، زۆهرە ئەسەد پوور، پەرەستوو ئەلاهیار، ئازادە بێهکێشی، ئازەر گیلانی، بەهارە ئەسڵانی، ئینا قوتبی یەقووبی، سەفرا کەریمە دین و سوودابە ڕەخش، مێهرداد فەلاحی، عەلی سالم، جەواد عەباسی تەوەلی، پەیمان چێهرازی و مەولوود حاجی زادە.

ئەو ژنانە لە بەر دەرگای وەزارەتی کار لە شاری تاران ئەم پلاکارد و نووسراوانەیان هەڵگرتووە: \"بۆ لابردنی هەڵاواردن دانانیشین\"،\"نا بۆ هەڵاواردنی جینسی\"،\"حەقدەستی بەرانبەر و دادپەروەرانە بۆ ژنان\" و\"ئازادی بەرانبەری، دادپەروەری جینسی\".

دەوترێ، لە کۆی گشتی٨٤ کەس ژنان و پیاوانی دەسبەسەر کراو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان و گاردی دژی شۆڕش، ٥٩ ژن و ٢٥ پیاو لە بەردەرگای وەزارەتی کار دەسبەسەر کراون.