لە ٩ ڕۆژدا ٦ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان بریندار بوون

20:25 - 10 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەت لە ناوچەی \"ئالان\"ی شاری سەردەشت، کۆڵبەرێکی کورد بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خاکەلێوە، لە درێژەی تەقەکردنی هێزە نیزامییەکان لە کۆڵبەرانی کورد، لە ناوچەی \"ئالان\"ی شاری سەردەشت کۆڵبەرێکی خەڵکی ئەو شارە بریندار بوو.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە بە ناوی \"ئومید گەوهەری\" ڕاگەیەنراوە. ناوبراو خێزاندارە و تەمەنی ٢٦ ساڵە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری سەردەشت کراوە، بەڵام بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ گواستراوەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، سەرەتای ئەم حەوتوویە دوابەدوای تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان، دوو کۆڵبەری خێزاندار وەبەر \"گوللەی ڕاستەوخۆ\" کەوتوون.

هەروەها پێشتریش، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان، سێ کۆڵبەر لە گوندی \"بێوران\"ی شاری سەردەشت بریندار بوون.

لە سەرەتای ساڵی ٩٦ی هەتاوی هەتاکوو ئێستا، ئەمە ٦ـەمین کۆڵبەری کوردە کە بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان بریندار دەبن.

تەقەکردن لە کۆڵبەران و کوژرانی ڕۆژانەیان لە حاڵێکدایە کە زۆربەی هاووڵاتییانی کورد بە هۆی بارودۆخی نالەباری ئابووری، نەبوونی هەلی کار و بێکاری لە ناوچەکانی کوردستان، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی کۆڵبەری دەکەن و لەگەڵ مەترسيی گیان لەدەستدان بەرەوڕوو دەبنەوە.