لە چەند مانگی داهاتوودا بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران یەك میلیۆن بوشكە كەم دەكات

15:50 - 18 خاکەلێوه 2712
كوردپا: لە سێ‌ مانگی داهاتوودا بەرهەمهێنانی نەوتی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران یەك میلۆن بوشكە روو لە كەمی دەكات.

گرووپی لێكۆڵینەوەی وزە\" جی‌پی مورگان\" رایانگەیاند، وڵاتانی ئورووپایی لەوەی كە چاوەڕوان دەكرا زۆر زووتر لەو كاتە دیاری كراوە، كەم كردنەوەی كڕینی نەوتیان لە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەست پێكرد.

لە حاڵی حازردا بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە رۆژدا 300 هەزار بۆشكە رووی لە كەم بوون كردووە.

گەمارۆكانی یەكیەتیی ئورووپا بۆ سەر حكوومەتی ئیسلامیی ئێران تەنیا لایەنی بەرهەمهێنانی نەوتی نەگرتۆتەوە، بەڵكوو كارتێكەریی لەسەر ئابووری ئەو وڵاتەش هەبووە.

ماوەیەك لەمەوبەر، گۆڤاری ئێكۆنۆمیست لە تازەترین راپۆرتی خۆیدا بڵاوی كردەوە، گەشەی ئابووریی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی داهاتوودا ئاستی دەگاتە خوارەوەی %08.

یەكەی زانیاریی ئێكۆنومیست شیمانەی ئەوە دەكات كەلە ساڵی 1392‌دا گەشەی ئابووریی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران روو لە كزی دەكات.

هەر لەو پێوەندییەدا بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ئێران لە ساڵی 2012دا گەتە 2% و بە نیسبەت ساڵی پێشوو 9/ 2% دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە.