لە پیرانشار هاووڵاتییەك بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ باوكی لە زیندان، گورچیلەیەكی فرۆشت

14:26 - 2 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: هاووڵاتییەكی كوردی تەمەن 24 ساڵان بەمەبستی چاوپێكەوتن لەگەڵ باوكی لە زیندانی شاری زاهیدان، بە ناچاری گورچیلەیەكی لە نەخۆشخانەی شاری پیرانشار فرۆشت.

زەمان ئاگووشی یەكێك لە منداڵانی \"محەممەد ئەمین ئاگووشی\" مامۆستای دەستبەسەر كراو لە زیندانی شاری مەهاباد بەهۆی نەبوونی و دەستكۆرتی و تێچووی چاوپێكەوتن لەگەڵ باوكی، گورچیلەیەكی خۆی فرۆشت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی كوردپا و\"چالاكانی مافی مرۆڤ و دێمۆكراسی لە ئێران\" زەمان دوای فرۆشی گورچیلەیەكی سەردانی شاری زاهیدانی كردووە و لەلایەن لێپرسراوانی ئەو ناوەندەوە تەنیا نیو كاتژمێر ئیزنی پێ‌دەدرێت باوكی \"محەممەد ئەمین\" ببینێت.

محەممەد ئەمین ئاگووشی مامۆستای خانەنشین كراو بە تاوانی سیخوڕی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری \"ورمێ‌\"یەوە بە 10 ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی زاهیدان حوكم دراوە.

ئەو مامۆستایە ماوەیەك لەمەوبەر لە نامەیەكدا رایگەیاندبوو، بارودۆخی جەستەیی نالەبارە و\" ئەگەر لێپرسراوانی زیندان گرینگیی بە نەخۆشیم نەدەن، بە نیشانەی ناڕەزایەتی مان لە خواردن دەگرم\" .