لە وەرزی سەرمادا قوتابخانەکانی بانە بێ سووتەمەنین

20:02 - 17 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای تێپەڕبوونی نیوەی وەرزی سەرما لە کوردستان، پۆلەکانی خوێندنی قوتابیانی بانە هێشتا لە نەوت و ئامرازی گەرمکەرەوە بێ‏بەشن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قوتابخانەکانی شاری بانە سەر بە پارێزگای سنە، لەگەڵ نەبوونی سووتەمەنی و کەرەستەی گەرم کەرەوە بەرەوڕوو بوون و قوتابییەکان لە سەرمای زستاندا درێژە بە خوێندن دەدەن.

لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا پلەی گەرما لە کوردستان و شاری بانەش دابەزینێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و بۆ ١٠ پلە دابەزیوە.

سەرچاوەکانی هەواڵی کوردپا ڕایانگەیاند کە داوای گەیاندنی سووتەمەنی بۆ قوتابخانەکان لە لایەن بەرپرسانی پەروەردە و بارهێنانەوە بێ وەڵام ماوەتەوە و باس لە دەست‏پێوەگرتنی وزە دەکەنە بیانوو.

نەبوونی نەوت لە قوتابخانەکانی شاری بانە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بەو شارە دەنگدانەوەی هەبووە و باوک و دایکی قوتابییەکان بەنیسبەت دواهاتەکانی کەمتەرخەمیی بەرپرسان کە دەبێتە هۆی نەخۆش‏کەوتنی ڕۆڵەکانیان ، بەپەرۆشن.

دۆخی نالەباری سیستمی گەرمکەرەوەی قوتابخانەکانی بانە لە حاڵێکدا میدیایی دەبێتەوە کە بەرپرسی شیرکەتی میللی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی ناوچەی کوردستان، بە هەواڵدەریی مێهری وتووە \" لە ئەمساڵدا ٥٨ میلیۆن لیتر نەوتی سپی دابەش کراوە.\"

بەپێی ئامارەکان، لە شاری بانەدا تەنیا ٧٠٠ قوتابی لە قۆناغی دواناوەندی (دەبیرستان)دا سەرقاڵی خوێندنن.