لە وەرزی بەهاردا ١٨ هاووڵاتی لە پارێزگای ورمێ لە ئاودا خنکاون

12:11 - 6 پووشپەڕ 2721

لە سەرەتای وەرزی بەهاری ئەمساڵەوە ، ١٨ هاووڵاتی لە پارێزگای ورمێ بەهۆی ناشارەزایی لە مەلەکردن لە ئاودا خنکاون.

بەرپرسی ڕووداو و فەورییەتییەکانی پزیشکیی زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگای ورمێ، لە وتووژێکدا، لەگەڵ "ئیسنا" ڕایگەیاند: "لە سێ مانگی وەرزی بەهاری ئەمساڵدا ١٨ هاووڵاتی لە ئاودا خنکاون و ئەمەش بە بەرئاورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو،٥٠ لەسەدی زیاد کردووە.

باقر بەهرامی هەروەها وتوویەتی: "لەو ١٨ حاڵەتەی خنکاندنە لە ئاودا، ١٤ کەسیان گیانیان لە دەست داوە کە بە نیسبەت ساڵی ٩٩، ٥٥ لەسەد خنکان لە ئاو لەو پارێزگایە زیادی کردووە.

ئەو بەرپرسە زانکۆیە هەروەها وتوویەتی: "لەنێوان ئەو ١٨ کەسەدا، تەنیا یەک کەسیان ژن بووە و ئەوانی دیکە پیاو بوون و شاری بۆکان بە ٥ حاڵەت و میاندووئاو بە ٤ حاڵەت، زۆرترین ڕێژەی خنکاندنی هاووڵاتییان بووە".

بەرپرسی ڕووداو و فەورییەتییەکانی پزیشکی هەروەها ڕایگەیاند: " لە ئاستی پارێزگای ورمێ، لەو ١٨ کەسە کە خنکاون، ٨ کەسیان لە ڕووبار، ٤ کەسیان لە بەنداو، ٢ کەسیان لە چاڵاو، کەسێک لە کارێز و ئەوانی ‌تر لە ئاوەکانی دیکە بووە".