لە هەر کاتژمێرێکدا ١٩ حاڵەت تەڵاق لە ئێران تۆمار دەکرێت

14:27 - 23 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: ئاماری تەڵاق و لێک جیابوونەوە لە ئێران سنووری قەیرانی تێپەڕ کردووە و لە یەک کاتژمێردا ١٩ حاڵەت تەلاق لەو وڵاتە تۆمار کراوە.

بەپێی هەواڵە بڵاو کراوەکان، بەرپرسی کۆمیسیونی کۆمەڵایەتی حکوومەتی ئێران بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەی ئاماری سێ ساڵ تەڵاق لە ئێران گوتی: لە هەر کاتژمێرێکدا لەو وڵاتە ١٩ حاڵەتی تەڵاق تۆمار دەکرێت.

سەڵمان خودادای لە کۆبوونەوەی میللی سیاستگوزاری کۆمەڵایەتی لە بیاڤی بنەماڵەکاندا ڕاگەیاند: لە ئێستادا لە هەر کاتژمێریکدا ١٩ حاڵەتی تەڵاق لە ئێران ڕوو دەدات و دەبێ لەو بوارەدا بەرنامەڕێژیەکی دروست بۆ پێشگرتن لە تەڵاق جێبەجێ بکرێت.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها گوتی: بەپێی ئاماری ساڵی ٩٠ نزیکەی ٢ میلیۆن و ٥٥٣ هەزار ژنانی سەرپەرەستی بنەماڵەمان هەیە، کە ئەو ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٨٥ی هەتاوی لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا زۆر هەژێنەرە.

بە وتەی خودادادی لە ساڵی ٨٥ هەتاوی نزیک ١ میلیۆن و ٦٦٤ هەزار ژنی سەرپەرەستی بنەماڵەمان هەبووە.

خودادادی لە درێژەدا دەڵێت؛ ئەمڕو شاهیدی ڕێژەی بەرزبوونەوەی تەڵاق و بەرزبوونەوەی تەمەنی هاوسەرگیری و کەم بوونەوەی تەمەنی هاوسەرگیری و تەڵاق لە ئێراندا هەین.

ناوبراوە هەروەها گوتی؛ پێشتر جیاوازی تەمەنی نێوان کوڕان و کچان ٥ هەتا ٧ ساڵ بووە، بەڵام ئێستا بۆ ٣ هەتا ٥ ساڵ کەم بووتەوە، کە ئەمەش جێ نیگەرانییە.

پێشتریش وتەبێژی کۆمیسیۆنی قەزایی مەجلیس ڕایگەیاندبوو، بەرزبوونەوەی ئاماری تەڵاق، ئاماژە بە قەیرانێکی مەترسیدار لە وڵاتی ئێران دەکات، بۆیە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ماوەی ژیانی هاوبەشی زۆرێک لە ژن و مێردەکان کەمتر لە ٦ مانگ بووە.