لە هەر سێ خولەکدا بنەماڵەیەک لە ئێراندا هەڵدەوەشێتەوە

14:05 - 22 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: بە شێوەی نێونجی لە هەر کاتژمێرێکدا 6/18 حاڵەتی تەڵاق لە دادگاکانی ئێراندا تۆمار دەکرێت کە ئەمە بە واتای هەڵوەشانەوەی بنەماڵەیەک لە سێ خولەکدایە.

ڕۆژنامەی \"آرمان\" لە نوێترین ژمارەی خۆیدا، بە کەڵک وەرگرتن لە ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران و دەزگای تۆمار کردن (سازمان ثبت احوال) ڕاپۆرتێکی بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا باس لە زەنگی مەترسی لە نێوان دیاردەی تاڵاق و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە ئێراندا دەکات.

بەپێی ئەم هەواڵە، لە ساڵی ٩٣دا، ٧٢٤ هەزار و ٣٢٤ حاڵەت، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و لە بەرامبەریشدا، ١٦٣ هەزار و ٥٦٩ حاڵەتی تەڵاق لە ئێراندا ڕوویان داوە، کە ئەمە بە واتای ٦/٨٢ حاڵەت پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و ٦/١٨ حاڵەت تەڵاقە لە وڵاتدا.

لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە؛ لە ٩ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لە بەرامبەر ٣/٤ حاڵەت پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، حاڵەتێکی تەڵاق تۆمار کراوە، کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٧٥دا، ئەم ڕێژە ٧/١٢ بووە.

ئەم ئامارانە لە تەنیشت ئامارە نادیارەکانی تەڵاقی عاتفی، زەنگی مەترسییەکی گەورەمان پیشان دەدەن.

کارناسانی سەربەخۆ، هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدان و زیادبوونی ڕێژەی تەڵاق بۆ پرسگەلێکی وەک بێکاری، کەم‏داهاتی، کێشە بنەماڵەییەکان، ئاریشە کۆمەڵایەتییەکان و دۆخی نالەباری ژیانی سیاسی دەگێڕنەوە.