لە ماوەی ٧٠ ساڵدا، ڕووبەری دارستانەکانی کوردستان لە ٥٠٠ هەزار هێکتار بۆ ٣٧٠ هەزار هێکتار کەمی کردووە

11:35 - 29 سەرماوەز 2720

حەوتوونامەی سیروان، لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا، لە سەر ڕووبەری دارستان و لێرەوارەکانی پارێزگای سنە، نووسیوویەتی؛ لە ماوەی ٧٠ ساڵی ڕابردوودا هەتا ئێستا، لە ٥٠٠ هەزار هێکتار لەو دارستان و لێڕەوارانە، بۆ ٣٧٠ هەزار هێکتار کەمی کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕێژەی ١٣٠ هەزار هێکتار کە دەگاتە ٢٦ لە سەد، لە دارستانی پارێزگای سنە لەنێوچوونه.

حەوتوونامەی سیروان هەروەها لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا، نووسیوویەتی: "لە دۆخی هەنووکەدا، بە پشتبەستن بە ئاماری ئیدارەی گشتیی سەرچاوە سروشتییەکان و ئاوڕێژوانی، ڕووبەری دارستانەکانی پارێزگای سنە ٣٧٣ هەزار هێکتارە و ئەمە لە حاڵێکدا، کە ڕووبەری دارستانەکانی ئەو پارێزگایه لە ساڵی ١٣٣٢ نزیکەی ٥٠٠ هەزار هێکتار بووە و بە بەراورد لەگەڵ ڕووبەری دارستانەکانی ئەم پارێزگایە، نزیکەی ١٣٠ هێکتار ڕووبەرەکەی کەمی کردووە.

ئەو ڕاپۆرتە قاچاخی داری دارستانەکانی بە گەورەترین نیگەرانیی زاگرۆس نشینیەکان شوبهاندووە و نووسیویەتی: "بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتی و ئاوڕێژوانیی پارێزگای کوردستان ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای ئەمساڵ هەتا کۆتایی مانگی ڕەزبەر، بە گشتی ٢٢٦ مێتری چوارجا، داری قاچاخ لەلایەن قاچاخچییەکانەوە دەستی بەسەردا، گیراوە".

حەوتوونامەی سیروان لە زاری سەعدی نەقشبەندی نووسیوویەتی: "ڕێژەی گشتیی دۆسییەی داری قاچاخ لەو پاڕێزگایە ٤٣ حاڵەت بووە و کە ١٨ حاڵەتی دۆسییەی داری قاچاخ، هی شاری قورووە بووە".