لە ماوەی ٧ رۆژدا ٣٠ کەس لە ئێران، لەسێدارە دران

19:47 - 14 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ٧ رۆژدا، ٣٠ هاووڵاتی لە زیندانی شارە جیاجیاکانی وڵاتی ئێراندا، بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە سێدارە دراون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە رێکەوتی ٨ی بەفرانبارەوە هەتا ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ١٤ی بەفرانبار، سزای لەسێدارەدانی ٣٠ زیندانی لە نێو زیندان و لەبەر چاوی خەڵک لە وڵاتی ئێراندا بەڕێوەچووە.

بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٨ی بەفرانبار ٧ هاووڵاتیی خەڵكی شارەکانی سنە، کرماشان و شیراز، بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لەسێدارە دران.

رۆژی سێشەممەی حەفتەی رابردوو (٩ی بەفرانبار)، ٣ هاووڵاتیی دیکە، لە زیندانی عادڵ ئابادی شیراز لەسێدارە دران.

هەروەها رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو (١٠ی بەفرانبار)، هاووڵاتییەک لە زیندانی شاری زاهیدان و هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٠ ساڵەی خەڵکی قووچان لە ئوستانی خۆراسانی باکوور لە زیندانی شارستانی نەوشار و هەروەها هاووڵاتییەکی خەڵکی سەڵماس لە زیندانی ورمێ، بە بریاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی لەسێدارە دران.

رۆژی پێنج‌شەممەی رابردووش حوکمی لەسێدارەدانی، ٤ ژن لە زیندانی بەم، ٢ پیاو لە زیندانی ناوەندیی بەندەرعەباس و ٧ پیاو لە زیندانی شەهابی کرمان و هەروەها حکمی سێدارەی زیندانییەکی کوردی خەڵکی ورمێش لە زیندانی قەزوێن بەڕێوەچووە.

هەروەها ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ١٤ی بەفرانبار ٣ هاووڵاتیی دیکە لە شارستانی \"ترۆبقی شاندیز\" لە ئوستانی مەشهەد، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی قەزایی حکوومەتی ئیسلامی، لەبەرچاوی خەڵک لەسێدارە دران.

سەرجەمی ئەو ٣٠ هاووڵاتییە، بە تۆمەتی \"بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر\"، \"دەستدرێژی و کوشتن\"، \"دزی کردن\"، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامییەوە حوکمی لەسێدارە درانیان بۆ برابوویەوە.