لە سەرەتای ئەمساڵەوە١١٨هەزار یەکەی سینفی داخراون

16:27 - 18 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: پاش داتەپینی ئابووری لە یەکە بەرهەمهێنەرەکان لە ئێران‌دا، ئێستا نۆرە گەیشتۆتە یەکە سینفییەکانی نێو شارەکان.

هەیئەتی باڵای چاوەدێری بەسەر ڕێکخراوە سینفییەکانی ئێران‌دا، لە ئامارێکدا ئاشکرای کرد لە ٤٨ ڕۆژی ڕابردوودا،١١٨ هەزار یەکەی سینفی لە ئێراندا داخراون، کە دەکاتە ٢٤٠٠ یەکە لە ڕۆژدا.

ڕۆژنامەی \"تعادل\" لە ڕاپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە ئامارە بلاوکراوەکانی هەیئەتی باڵای چاوەدێری بەسەر ڕێکخراوە سینفییەکانی ئێران‌دا بڵاوی کردەوە کە؛ لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ ڕۆژدا ئێران لەگەڵ کەمبوونەوەی 5%ی یەکە سینفییەکان بەرەوڕوو بۆتەوە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو گەلێک زیادی کردووە.

شڕۆڤەکارانی ئەم بوارە پێیان وایە هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە، بۆ داتەپینی ئابووری لە ئاستی گشتیی وڵاتدا دەگەڕێتەوە، کە بە پلەی یەکەم شوێندانەریی لەسەر یەکە بەرهەمهێنەرەکان داناوە و دواتریش کاریگەریی لەسەر یەکە سینفییەکان داناوە.

ئەگەرچی بەشێک لە کاربەدەستە حکوومەتییەکان و کارتێلە ئابوورییە گەورەکان ئامادە نین دان بە خەسار و لێهاتە نێگەتیڤەکانی ئەم ڕووداوەدا بنێن، بەڵام ڕوونە کە خەسارێکی لەم چەشنە بە شێوەی ڕاستەوخۆ ئێەخەی خەڵکی ئاسایی دەگرێتەوە کە ژیانی ڕۆژانەیان لە سەر بنەمای ئەم یەکە سینفییانە هەڵدەسوڕێت.