لە ساڵی ١٣٩٩ لە کوردستاندا ٢٣ هاووڵاتی بوونەتە قوربانیی مین

17:37 - 10 خاکەلێوه 2721

ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا، لە یەک ڕشتە ڕاپۆرتی جیاکردنەوە ــ ئاماریدا، باس لە بەرچاوترین حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ساڵی ١٣٩٩دا، دەکات.

ناوەندی ئاماری کوردپا لە ڕاپۆرتی چوارەمی خۆیدا، حاڵەتەکانی قوربانییانی مین لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەخاتە ڕوو.

ئەم ئامارە بە پشتبەستن بە حاڵەتەکانی تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپایە و لەوانەیە ئاماری ڕاستەقینە لەم ڕێژەیە لەسەرەوەتر بێت.

لەم ماوەیەدا، ٢٣ هاووڵاتیی سڤیل بەهۆی تەقینەوەی مین لە شارەکانی کوردستان کوژران و بریندار بوونە (٧ کوژراو و ١٦ بریندار). هەروەها ٢ کارمەندی مینڕووب لە ناوچەی سوماری قەسری شیرین، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوونە.

هەروەها ٩ هێزی ئەرتش، ئینتیزامی، ئەندامانی سپا و سەرباز لە شارەکانی دێهلوڕان، سنووری مێهران، سنووری سەردەشت، مەریوان و یەکێک لە پایگاکانی شاری سەقز، بەهۆی تەقینەوەی مین کوژران و بریندار بوونە. (٣ کوژراو و ٦ بریندار)

هەروەها ٤ هێزی سەرچاوە سروشتییەکان لە پارێزگای کرماشاندا لە کاتی ئامادەبوونیان لە ڕەوتی ئاگرکەوتنەوەکانی لەوەڕگەکان و دارستانەکانی مەڕەخێڵ، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوونە.

شیکاریی زیاتر لەبارەی هاووڵاتییانی سڤیل کە بوونەتە قوربانیی مین:

٦ کەس لە ئیلام، ٥ کەس لە کرماشان، ٣ کەس لە پیرانشار، ٣ کەس لە بانە، ٢ کەس لە ورمێ، ١ کەس لە شنۆ، ١ کەس لە سەردەشت و ١ کەس لە خوزستان.

٢ کەس لە برینداربووان، ٢ منداڵی تەمەن ٧ و ١٢ ساڵ بوونە.

٤ کەس لە برینداربووان کۆڵبەر بوونە.

٦ کەس لە کوژراوان و برینداربووان شوان بوونە.

١ کەس لە برینداربووان وەرزێڕ بوونە.

مینە بەجێماوەکانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، هەموو ساڵیک بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە ناوچە سنوورییەکاندا. لە نزیکەی ٤٢هەزار کیلۆمیتری دووجا لە خاکی ئێران، مینی بەجێماو و نەتەقێنراوەی شەڕی نێوان ئێران و عێراق بوونی هەیە. 

هەروەها حکوومەتی ئێران درێژە بە وەبەرهێنانەوە و چاندنی مینی دژە نەفەر دەدات و بەپێچەوانەی گرێبەستەکانی نێونەتەوەیی، لەسەر ئەو باوەڕەیە لە کەڵوەرگرتن لەو مینانە تەنیا ڕێگەی چارەیە بۆ ئەوەیکە ئەمنییەت و تەناهیی سنوورە کانی ئەم وڵاتە بپارێزرێت.

هەر بەوپێیە لە بەشێک لە سنوورەکانی ئێران لەگەڵ ئەفغانستان، پاکستان و عێراق مین چێندراوە؛ لە ڕەوتی تێکهەڵچوونەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی لە کوردستاندا، لە بەشێکی زۆر لە زەوییەکانی ئەم ناوچانە مین چێندراوە.

تەنزیم: ئەوین مستەفازادە