لە ساڵدا ٤٠٦٩ کەس لە ئێران کۆتایی بە ژیانی خۆیانن دێن

16:24 - 25 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: ئێران پلەی ١٢٠ی جیهانی بە خۆکوژیی ١١ کەس لە ڕۆژێکدا بۆ خۆی تۆمار کردووە کە دەکاتە ٤٠٦٩ کەس لە ساڵدا.

ڕێکخراوی بێهداشتی جیهانی ڕایگەیاندووە؛ لە هەر ٤٠ چرکەدا ١ کەس لە جیهاندا خۆی دەکوژێت و لە کۆی ٨٠٠ هەزار کەس کە سەرانسەری جیهاندا کە کۆتایی بە ژیانیان دێنن، ٤٠٦٩ کەسیان لە ئێراندان.

بەپێی دوا ئامارەکان لە ئێراندا لە نێوان هەر١٠٠ هەزار کەس ٦ کەس لە ساڵدا خۆیان دەکوژن، بەڵام لە بواری هەوڵدان بۆ خۆکوژی کە بە ئاکام ناگات، ئەم ڕێژەیە ٢٠ قات زیاترە، هەر بۆیە وەزیری بێهداشتی کۆماری ئیسلامی هۆشداری داوە لەمەڕ پەرەسەندنی ئەم ئاهۆیە.

هەژاری و بێدەرەتانی ماڵیی، سترێس و گوشارە دەرونییەکان، گئرۆدەبوون بە مادە سڕکەرەکان،کێشە نامووسییەکان، کێشەی نێوان بنەماڵەکان، شکست و ناهومێدییەکان، پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیی ناسەرکەوتوو، بەشێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لە ئێراندا.

بە وتەی کۆمەڵناسان بێکاری ئەگەری هەوڵدان بۆ خۆکوشتن ٢ قات زیاد دەکات، هەر بۆیە لە پارێزگا کوردنشینەکاندا کە دەرەتانی کار کەمە، ڕێژەی هەوڵدان بۆ خۆکوژی زیاترە؛ ئەم کارناسانە دەڵێن یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی ئاهۆی خۆکوژی بریتییە لە، دەسپێڕاگەیشتنی خێرا و ئاسان بە کەرەستەکانی خۆکوشتن لەوانەش سیانوور و قورسی برنج.