لە رۆژی ١٦ی سەرماوەزدا لە تاران، پشتیوانی لە زیندانییانی مانگرتووی ورمێ کرا

13:55 - 18 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: لە رۆژی ١٦ی سەرماوەزدا و بە بەشداریی چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤی کورد لەتاران، پشتیوانی لە زیندانیانی مانگرتووی زیندانی ورمێ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، رۆژی ١٦ی سەرماوەز، لە پارکی (لالە)ی تاران، لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە بۆنەی رۆژی خوێندکارەوە رێکخرابوو، چالاکانی مەدەنیی کورد پشتیوانییان لە زیندانیانی مانگرتووی زیندانی ورمێ کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە تاران لەو پەیوەندییەدا رایگەیاند؛ ئەو کۆبوونەویەی پارکی لالەی تاران، کە سەحەر سەعادەتی چالاکی مەدەنی و رەزا شەریفی بۆکانی چالاکی مافی مرۆڤ لە بۆکانەوە تیایدا بەشدارییان کردبوو، لەلایەن مەئموورانی لیباس شەخسییەوە هێرشی کرایە سەرو وێڕای بڵاو پێکردن بە بەشداران، چەند کەسێکیشیان دەستبەسەر کرد.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، رەزا شەریفی بۆکانی یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکان بووە، کە بە پێکهێنانی کۆبوونەوی نایاسایی تۆمەتبار کراوەو پاش چەند کاتژمیر لێپرسینەوە، ئازاد کراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە رەزا شەریفی بۆکانی‌یان راگەیاندووە، کە ئەمڕۆ سێ‌شەممە خۆی بە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بناسێنێت.

دەگوترێ، کە رەزا شەریفی بۆکانی هاوڕێ لەگەڵ سەحەر سەعادەتی، بە مەبەستی ناساندن و باس کردنی زیندانیانی مانگرتووی زیندانی ورمێ، لە رۆژی ١٦ی سەرماوەزدا چووبوونە پارکی لالەی تاران.

٢٨ زیندانیی سیاسیی کورد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە تێکەڵ کردنی بەندی زیندانییە سیاسییەکان بە زیندانیانی تۆمەتبار بە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر و (کوشتن \"قتل\")، هەڵسووکەوتی نەشیاوی بەرپرسان و دۆخی خراپی نێو زیندان، لە رۆژی ٢٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵەوە مانیان لە خواردن گرتووە.

مانگرتنی ئەو زیندانییانە لە کاتێکدا ئەمڕۆ سێ شەممە گەیشتۆتە ٢٠ رۆژ، کە بەرپرسانی ئەمنی و زیندانی ورمێ، سەرەڕای ئەوەیکە بە دەم داخوازیی زیندانیانەوە نەهاتوون، بەڵکوو لە رۆژانی رابردوودا بۆ کۆتایی هێنان بەو مانگرتنە، هەڕەشەی راگواستن بۆ زیندانەکانی دیکە و بەڕێوەبردنی حوکمی لەسێدارەدانی زیندانیانی مەحکووم بە سێدارەیان لە زیندانیان کردووە.