لە رۆژی عاشوورا لە ئێران رێوڕەسمی سووتاندنی ماهوارە بەڕێوە چوو

13:22 - 6 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران هاوکات لەگەڵ رۆژی عاشووڕا، رێوڕەسمێکی بە ناوی \"جێژنی مردنی ماهوارەکان\"، بەڕێوە برد.

ئەو رێوڕەسمە دوێنێ یەکشەممە ٥ی سەرماوەز لە شاری\"گەوهەران\" سەربە شاری \"بەشاگرد\" لە پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران بەڕێوە چوو و مەبەستیان لە بەڕیوە بردنی ئەو رێوڕەسمە \" دوری و بێزاری لە ماهوارە\" بووە.

ماڵپەڕی سپای هورموزگان بڵاوی کردەوە کە \"لاوەکانی شاری گەوهەران\" تێکڕای ماهوارەکانیان کۆ کردۆتەوە و سووتاندوویانە.

ئەو ماڵپەڕەی سپای پاسداران بڵاوەیشی کردۆتەوە، کاناڵە ماهوارەییەکان سەرچاوەی ئاڵۆزی و نائەمنیی وڵاتی ئێرانن.

\"عەلی پەهلەوانی\" فەرماندەی سپای پاسدارانی شاری بشاگرد لە رێوڕەسمی سووتاندنی ماهوارەدا رایگەیاند: مەبەستی کاناڵە ماهوارەییەکان و تۆڕەکانی ئینتێرنێت بڕەودان بە کولتوور، مۆد و لیباس رۆژئاوایی و نەهێشتنی حیجابە لە کۆمەڵگای ئێمەدا.

بەپێێ بڕیارێکی هەیئەتی وەزیرانی ئیران لە ساڵی ١٣٧٣وە، بەکارهێنانی دەزگای ماهوارە لە ئیران قەدەغەیە و هەر کەس بەکاری بهێنێ بەپێی یاسای ئەو وڵاتە هەڵسوکەتی لەگەڵ دەکرێت و کەلوپەلەکانی دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

لە ئێران تەنیا ناوەندەکانی \"دەنگ و رەنگ، ئیدارەی پۆست و مۆخابرات و ناوەندە ئیتلاعاتی و هەواڵگرییەکان\" ئەو یاسایە نایانگرێتەوە و بۆیان نیە سەتەلایت و ماهوارە بەکار بهێنن.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا گەڵاڵەی کۆکردنەوەی ماهوارە لەلایەن هێزی ئینتزامیی حکوومەتەوە لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران دەستی پێکردووە و بەتایبەتی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هێندە بەربڵاو و نایاسایی بەڕێوە چوو کە تەنانەت نوێنەرێکی کورد لە مەجلێسی ئێران لەم بارەوە ناڕەزایەتیی دەربڕی.