لە رۆژئاوای کوردستان هیچ کۆمەڵکوژییەک رووی نەداوە + وتووێــژ

22:39 - 12 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای گەڕانەوەی شاندی کۆمیتەی ئامادەکار بۆ ئاشکرا کردنی راستییەکان لە رۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ سێ‌شەممە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، لەتەواوی ئەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵ خەڵک و لایەنەکان ئەنجام دراوە هیچ بەڵگەیەکیان بۆ روودانی کۆمەڵکوژی دژی کورد دەست نەکەوتووە.

پاش ئەو دەنگۆیانەی کە سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی هاووڵاتیانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بڵاو بوویەوە، لەلایەن مەسعوود بارزانییەوە پێشنیاری پێکهاتنی شاندێکی تایبەت بۆ ئاشکرا کردنی راستییەکان بە لێژنەی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەی کورد کرا.

شاندەکە رێکەوتی ١٧ی گەلاوێژ سەردانەکەیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێکرد و ماوەی پێنج رۆژ لەوێ ماونەتەوە و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ نزیکەی ٤٠٠ کەس لە چین وتوێژە جیاجیاکانی ڕۆژئاوا ئەنجام دا.

هەر لەو پەیوەندییەدا ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ زیاتر تاوتوێ کردنی ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە نوێنەری کوردستانی ئێـران لەو شاندەدا کرد، کە ناوبراو لەو پەیوەندییەدا رایگەیاند، تەنیا خەڵک لە شەڕ و پێکدادانە چەکداریەیکاندا کوژراون و ئەوەی رووی داوە پێکدادانی نێوان دوو لایەنی چەکدار بووە.
\"15078.jpg\"
رۆستەم جهانگیری نوێنەری کوردستانی ئێران لەو شاندەدا ئاشکرای کرد، \"ئێمە لە سەردانەکەمانەدا بۆ گوندەکانی تەلعەران و تەلحاسڵ، چاومان بە ٥١ کەس له خەڵکی ئەو دوو گوندە کەوت، بەڵام هیچکام لەوان ئاماژەیان بە کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییان نەکرد و چەند کەسێک، کە ژن و منداڵیش لە نێوانیاندا بوون، تەنیا لە ئەنجامی تۆپباراندا کوژراون.

ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێــران ئەوەشی خستەڕوو، \"لەلایەن هاووڵاتیانی تەلعەرانەوە ئاماژە بە کوژرانی ٢ کەس بە سەرە نێزە دەکرا، بەڵام هیچ کەس ئامادە نەبوو ناسنامە و شوناسیان بۆ شاندەکە ئاشکرا بکات\".

رۆستەم جهانگیری سەبارەت بە کوژرانی هاووڵاتییانی شاری عاموودا، رایگەیاند: \" ئێمە چووینە نێو شاری عاموودا، بەڵام نوێنەرانی باکوور کە سەر بە پەکەکە بوون رازی نەبوون لە ماشێنەکان دابەزین و لێکۆڵینەوە لە کوژرانی هاووڵاتییان بکەین، بۆیە ئێمەش لەبەر پاراستنی یەکگرتووی ئەو شاندە رێزمان لە داواکارییەکانیان گرت.

ناوبراو رایشیگەیاند؛ ئەوەی روون و ئاشکرایە، پاراستنی ئەمنیەتی شاری عاموودا بەدەست هێــزەکانی پەیەدەوەیە و بە وتەی ئەو کەسانەی کە دواتر لەگەڵیان دانیشتین، هەموویان پەیەدەیان لەمەڕ کوژرانی ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردە بە بەرپرسیار دەزانی.